Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

رەهەندی سیاسیی سەردانەكەی ئۆلاند

ئاریان فەرەج

دەگوترا رۆژئاوا كورد و پێشمەرگەیان تەنیا بۆ تێكشكاندنی داعش دەوێت، هاتنی وەفدە باڵاكانیان و هاوكاری و ستاییشیان بۆ كورد و پێشمەرگە هیچ رەهەندێكی سیاسی و ئاییندەیی تێدا نییە و، تەنیا بۆ هاندانیانە تا وەك هێزێكی شەڕكەری سەرزەمین لە جیاتی ئەوان بجەنگن و ئەركی ئەوان سووك بكەن و لە بری ئەوان قوربانی بدەن و شەڕانگێزی و بەڵای داعشیان لەكۆڵ بكەنەوە.


لە سەرینی ئەم خۆبەكەمزانی و بەدگومانیییشەوە، پێشبینی دەكرا لەگەڵ لاوازبوون و تێكشكانی داعش و بچوكبونەوەی قەڵەمڕەویەكەیدا، ئیدی رۆژئاوا لە كورد و پێشمەرگە بێمنەت بێ و كاری پێیان نەمێنێ و بایەخ و پشتگیرییشی بۆ كوردستان كۆتایی بێت و دەرەنجام كورد لەو جەنگە خوێناوی و پڕ قوربانییە فڕیوخواردوو و دەست بەتاڵ دەرچێ.

سەردانی فەرمیی سەرۆككۆماری فەرەنسا بۆ هەولێر لەم سەرەتای ساڵەدا و لە سەروبەندی تێكشكان و پاشەكشەی داعش و داڕمانی خەلافەت و قەڵەمڕۆییەكەیدا و، لە كاتێكدا مانگێك زیاترە پێشمەرگە جگە لە پاراستنی سەنگەر و سنوورەكانی كوردستان، فیشەكێكی بە داعشەوە نەناوە و ئەركە سەربازییەكانی روو لە تەواوبوونە، سەرلەبەری ئەو بەدگومانی و تەسكبینی و خۆبەكەمزانینەی بەدرۆ خستەوە.

ئەم سەردانە ئاماژەیەكی رۆشن بوو كە پەیوەندیی كوردستان و رۆژئاوا گەیشتووەتە ئاستی پەیوەندییەكی ستراتیجی و فرەڕەهەند و پەیوەندییەكی سیاسییە بەرلەوەی سەربازی بێ.

ئاماژەكانی پشتی ئەم سەردانە و تەوقیتەكەی، پێیگوتین: كوردستان سەركەوتوو بوو لەوەی بەهاكانی خۆی لەگەڵ بەهاكانی جیهانی موتەمەدین بسازێنێ، ببێتە هاوبەها و هاوڕوانگای كولتووری لەگەڵ كۆمەڵگای لیبرال و دیموكراتخوازی جیهان بەرلەوەی هاوسەنگەری بێت لە شەڕدا.

پێیگوتین: كوردستان لە رۆژئاوادا، هاوشانی حكوومەت و فەرمانڕانان، هاوسۆزییەكی بەهێزی رای گشتی و لۆبی و گرووپگەلی كاریگەری گوشاری لەگەڵن كە گوزارشت لە ئیرادەی زیندووی میللەتانیان دەكەن .

پێیگوتین: دۆزی كورد بووەتە یەكێك لەو بابەتە گەرمانەی نوخبەی سیاسیی وڵاتانی دیموكرات لە هەڵبژاردن و كێبەڕكێی نێوخۆیییاندا مونافەسەی لەسەر دەكەن.

پێیگوتین: كوردستان لە روانگای ستراتیجبینی رۆژئاواییەكاندا بەشێكە لە ئایندە، لە جیۆپۆلیتێك و سیستمێكی سیاسیی نوێ كە بۆ دابینكردنی سەقامگیریی ئەمنی و تەئمینی بەرژەوەندییەكانی جیهان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێدا، وا نەخشەی بۆ دەكێشرێ.

پێیگوتین: كوردستان وەك چۆن بە بازووی پێشمەرگەكانی بەشدارێكی كاریگەری تێكشكاندنی سەربازیانەی داعش بوو، بە بەها بەرزەكانی پێكەوەژیان و فرەیی و لێبوردەییی ئایینی و ئایینزایی و نەتەوەیی كە تێیدا بەرقەرار و رێزلێگیراون، دەتوانێ لە شەڕی فكریی دژی داعش و هەڵتەكاندنی هزری توندرۆیی داعشفكران و قورتاركردنی مرۆژایەتی لەم بیرە دژەمرۆڤەدا، بە هەمان شێوە سەرمەشق و نموونە و بەشدارێكی كاریگەر بێ.

كوردستان گەرچی بۆ داكۆكی لە خاك و خەڵكی خۆی بەرسینگی لە داعش گرت و تێكی‌شكاند، بەڵام لە شەڕی دلێرانەیدا هەموو دونیای كردە هاوسۆز و قەرزارباری خۆی، وێنای خۆیشی لە بەرچاوی جیهان وەك مییللەتێك نەخشاند كە چیتر شایستەی بندەستی و پاشكۆیەتی نییە و لە رووی ئەخلاقییەوە، بۆ جیهان مایەی نەنگی و شەرمێكی گەورەیە گەر چیتر ئەم میللەتە ئازادیخوازە بندەست و ستەملێكراوی دەستی خەڵكانێك بێت كە جگە لە تەخەلوف و توندرۆیی و داعش، هیچی دیكەیان بۆ مرۆڤایەتی بەرهەم نەهێناوە.
بۆیە ئەم سەردانەی ئۆلاند یەكجار گرینگتر بوو لەوەی رابردوو.