Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌: ئەوەی سنووری کوردستان دیاری دەکات، پێشمەرگەیە نەک مالیکی

هه‌ولێر-KDP.info-  وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ وه‌ڵامی لێدوانێكی (نووری مالیكی) ده‌داته‌وه‌ ڕایده‌گه‌یه‌نێ، ئەوەی سنووری کوردستان دیاری دەکات، پێشمەرگەیە نەک (مالیکی). جه‌ختیش ده‌كاته‌وه‌، تەواوی ئەو ناوچانەی بەر لە دەستپێکردنی ئۆپەرسیۆنی ئازادکردنی مووسڵ لەلایەن پێشمەرگەوە ئازادکراون، قابیلی موناقەشە نین.

ده‌قی لێدوانێک لە گوتەبێژی وەزارەتی پێشمەرگەوە:

نوری مالکی، جێگری سەرۆککۆماری عێراق، ڕایگەیاندووە کە پێویستە پیشمەرگە بگەڕێتەوە سنوورەکانی خۆی بەر لە 2003.

وەبیر نوری مالکی دەهێنینەوە کە ئەوەی ئەو ناوی ناوە سنووری پێش 2003، سنوور نەبوو. بەڵکوو هێڵی تەماسی پێشمەرگە لەگەڵ سوپای ڕژێمی بەعس بوو. 

دوای پەلاماری تیرۆریستانی داعش و داگیرکردنی بەشێک لە خاکی کوردستان، پێشمەرگە بە خوێنی خۆی ئەو ناوچانەی ئازاد کردووە و سنووری کوردستانی کێشاوە. بەپێی ڕێککەوتنی هاوبەشی ئێمە و عێراق و ئەمەریکا، تەواوی ئەو ناوچانەی بەر لە دەستپێکردنی ئۆپەرسیۆنی ئازادکردنی مووسڵ لەلایەن پێشمەرگەوە ئازادکراون، قابیلی موناقەشە نین، ئەوانەشی لەچوارچێوەی ئۆپەراسیۆنەکەدا ئازادکراون، دانیشتوانی ئەوناوچانە بە ڕاپرسی چارەنووسی خۆیان دیاری دەکەن. 

بۆیە دووپاتی دەکەینەوە، ئەوەی سنووری کوردستان دیاری دەکات، پێشمەرگەیە نەک مالکی. بۆ مالکیش واباشترە واز لەو موزایەداتانە بهێنێ.

 

گوتەبێژی وەزارەتی پێشمەرگە

4ـی1ـی2017