Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

نوێنەرێکی یەکگرتوو لە پەرلەمان: له‌به‌رانبه‌ر سوكایه‌تیی به‌ پێشمه‌رگه‌، دەبێ رێکاری یاسایی بگیرێتە بەر

هەولێر-KDP.info-  بڕیاردەری لیژنەی كاروباری پێشمەرگە لە پەرلەمانی كوردستاندا دەڵێ، قسەكانی نوێنه‌ره‌كه‌ی گۆڕان زۆر نەشیاوە و لە ئاست خانەوادەی پێشمەرگە و شەهیداندا نییە؛ بۆیە دەبێ داواكاری گشتی بە ئەركی خۆی هه‌ڵسێت و رێكاری یاسایی لە بەرانبەردا بگرێتە بەر.

 

(بەهار عەبدولڕەحمان) پەرلەمانتاری یەكگرتووی ئیسلامی و بریاردەری لیژنەی كاروباری پێشمەرگە لە پەرلەمانی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت، "ئێمە وەكو لیژنەی كاروباری پێشمەرگە لە پەرلەمانی كوردستاندا زۆر بەتوندی دژی قسەکانی (سروە عەبدولواحید) پەرلەمانتاری بزووتنەوەی گۆڕانین لە پەرلەمانی عێراق و ئیدانەی دەكەین. هەركەسێك لە دژی خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و هێزی پێشمەرگە قسە بكات و سوكایەتییان پێ بكات كارێكی نەشیاوە و هەڵەیەكی گەورەیە."

 

بڕیاردەری لیژنەی كاروباری پێشمەرگە ئاماژەیشی دا: "دەبێ (سروە) داوای لێبوردن بكات، چونكە ئەم قسانە زۆر نەشیاون و لە ئاست خانەوادەی پێشمەرگە و شەهیداندا نییە و بگرە لە ئاست كەسێكیشدا نییە كە پێی بگوترێت پەرلەمانتار. بۆیە دەبێ داواكاری گشتی بە ئەركی خۆی رابێت و رێكاری یاسایی لە بەرانبەردا بگرێتە بەر. له‌ راستیدا ده‌بوو لە بری ئەم قسە نەشیاوانە و ئەم زمانە زبرەدا، (سروە) باسی كۆڵنەدان و نەبەردیی هێزی پێشمەرگەی كردبا و باسی خۆراگریی خانەوادەی شەهیدانی كردبا."

 

نوێنه‌ره‌كی یه‌كگرتوو له‌ په‌رله‌مانی كوردستان هه‌روه‌ها دەڵێ، "هەر كەسێك كە هەڵە دەكات سەرەتا دەبێ لە سەرچاوەی هەڵەكەی بكۆڵێتەوە. ئەو بە گوتەی خۆی بەرگری لە مافی گەلی كورد و هێزی پێشمەرگە دەكات كەچی لەم لایشەوە قسەی ناشرینیان لەسەر دەكات، خۆ دەكرا هەر لە سەرەتاوە داوای لێبوردنی كردبا و بیگوتبا هەڵەی 'لیسان' بووە و لەودەمەدا ئەم قسەیە بەسەر دەمما هاتووە، نەك هەر مکوڕ بێ لەسەر قسە هەڵەكەی، بۆیە دەبێ داواكاری گشتی بێتە سەرخەت و بە ئەركی خۆی هەڵسێت."

 

سەرباز واحد