ھەولێر-KDP.info- سەرۆکی لیژنەی ھەڵسەنگاندن وڵامدانەوەی راپۆرتە نیودەوڵەتییەکان لە ئەنجوومەنی وەزیران، وهڵامی نوێنهرهكهی گۆڕان دەداتهوه و دەڵێت، گەر سیاسەتی حکوومەتی ھەرێم دژی عەرەب بایه، 600ھەزار عەرەب لە کەرکووک نابن، بەداخیشە لهوهی كه زۆر زانیاری دژی پێشمەرگە و ھەرێمی کوردستان بڵاو دەکرێنەوە و ھەندێک لایەنی سیاسی ئەو زانیاریانەیان پێدەدەن، ههڵبهت ئەوان دژی پرۆسەی حوکمڕانیی کوردن.
(د.دیندار زێباری) سەرۆکی لیژنەی ھەڵسەنگاندن وڵامدانەوەی راپۆرتە نیودەوڵەتییەکان لە ئەنجوومەنی وەزیران بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند "بەنیسبەت رۆژئاوای کەرکووک سیاسەتی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و وەزارەتی پێشمەرگە و ھێزە ئەمنییەکان زۆر ڕوونە، بۆیە ئەو ھێزەی پێشمەرگە کە لەو ناوچەیە بۆ پاراستنی ناوچەکە و کەرکووک و خەڵکی ناوچەکەیە بەشێوەیەکی گشتی بە ھەموو پێکھاتەکانییهوه، جگە لەوەش سەرۆکایەتیی ھەرێم و وەزارەتی پێشمەرگە رێنمایی ھەیە کە ھێزی پێشمەرگە لە ھەموو میحوەرەکان پابەندی بنەما نێودەوڵەتییەکان بن، لەوانە بنەماکانی مافی مرۆڤ و ئاوارەکان بن.''
له وهڵامی لێدوانهكهی نوێنهرهكهی بزووتنهوهی گۆڕاندا (د.دیندار زێباری) گوتیشی، ''سەبارەت بە خاپوورکردنی گوندەکان، ھۆکارەکانی دیاریکراون، پێش ئەوەی پێشمەرگە بچنە ئەو ناوچانەوه بەشێک لە خەڵکی گوندەکان لەگەڵ داعشدا بوون و خانووەکانی خۆیان داوەتە داعش و ھەندێک لە خانووەکان بەتایبەتی لە گوندی قۆتان کارگەی کیمیاوی و تەقینەوە بوونە و چەند قەنناسی داعش لە سهربانی ئەو خانووانەوه پەلاماری ھێزی پێشمەرگەیان داوە، بۆیە کاتێک پێشمەرگە چووهتە ناویهوه بەشێک لە خانووەکان ڕووخاون کە خانووی گڵ بوون، خۆ له شهڕدا وایه له كوێوه شهڕ بووبێ و سهنگهر له كوێ بووبێ، ئهكید ئهو شوێنه دهبێته ئامانج و بهمهیش زیانی پێ دهگات.''
(زێباری) زیاتر ڕوونی كردهوه، ''قۆناغی دووەم کە پێشمەرگە دەچێتە ناو گوندەکانهوه ھەندێک لە خانووەکان بۆمبڕێژ کراون و ھەندێک جار 20خانوو پێکەوە بۆمبڕێژ کراون و ھەندێک ژێر خانووەکان چەک و تەقەمەنییان تێدا حهشار داوه، پێشمەرگەش ناچاره ئەوانە نەھێڵێت بهربهستهكانی بهردهم پێشڕهییهكانی بكاته ئامانج، جگە لەوەش ئێمە رێکخراوی نێودەوڵەتیمان لەگەڵ نییە ھاوکارییەکی تەکنیکی ئێمە بکەن، بۆ ئەوەی ئەو خانووانەی بۆمبڕێژکراون پووچەڵ بکەنەوە، بۆیە ھەندێک ئالیەتی سەربازی بەکار دەھێندرێت بۆ ئەوەی ئەومەترسییە لەسەر ئێمە نەمێنێت.''
سەرۆکی لیژنەی ھەڵسەنگاندن وڵامدانەوەی راپۆرتە نیودەوڵەتییەکان لە ئەنجوومەنی وەزیران راشیگەیاند، ''مەرج نییە ھەموو کەسێک رۆحی نەتەوەیی ھەبێت و ھەموو تاکێکی کوردی بۆچوونی لەگەڵ دەوڵەتی کوردی بێت، ههربۆیه دژ به خواستهكانی گهلهكهیشی ئهوهی بۆی بكرێ دهیكا. ئەوەی گرینگ ئێمە رۆژانە مامەڵەمان لەگەڵ لایەنی نێودەوڵەتی ھەیە و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان رۆژانە سەردانی ئەو ناوچانە دەکەن و ئەو گوندەی ئەو پەرلەمانتارە باسی دەکات، بی بی سی و جەزیرە چوونەتە ئەو شوێنە و چەندین کەناڵی دیکەی راگەیاندن چوونەتە ئەو شوێنە، هاوكات ئێمە ھاوکاریی چەندین رێکخراومان كردووه كه چوونەتە ئەو ناوچەیەوه، بۆیە بۆ لایەنی نێودەوڵەتی ھەموومان ڕوون کردووهتەوە.''
(زێباری) جهخت دهكاتهوه، ''خاپوورکردنی گوندەکان سیاسەتی ئێمە نییە، بۆیە گەر ئێمە سیاسیەتێکی دژی عەرەبمان ھەبێت، ئهوا تهنیا له ماوهی ساڵێكدا 600ھەزار عەرەب لە کەرکووک نابن و، ئەوان لە کوردستان جێیان نابێتهوه.''
(د.دیندار) ئەوەشی خستەڕوو، زۆر زانیاری دژی پێشمەرگە وھەرێمی کوردستان کە بڵاو دەکرێنەوە ھەندێک لایەنی سیاسی ئەو زانیاریانەیان پێدەدەن، ئەوانەی دژی پرۆسەی حوکمڕانیی کوردین.
بڵند ئیبراھیم