Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ڕق لە پارتی؛ به‌ڵام بۆ رق لە نەتەوە و نیشتمان

فەرحان جەوھەر
ناکۆکییەکانی بزووتنەوەی گۆڕان لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان، خەریکە ھەموو چوارچێوەیەکی نەتەوەیی و نیشتمانی و بەھایەکی سیاسی و ئەخلاقی تێدەپەڕێنێت. ناکۆکیی لایەنە سیاسییەکانی کوردستان لە کۆنەوە تا بە ئێستا دەگات بەردەوام بووە. بەڵام ھیچ کاتێک وەک ئێستا تەنانەت لە سەردەمانی شەڕی ناوخۆیشدا وەک ئێستا نەگەیشتووه‌تە ئەو رادەیەی لایەنێکی سیاسی بەھۆی ناکۆکییەکانیەوە لەگەڵ لایەنێکی تردا، بەھا نەتەوەیی و نیشتمانییەکانی خۆی وا کەم نرخ بکات و لەبەردەم نەتەوەیەکی تردا، کە بە دریژاییی مێژوو نەتەوەکەی خۆی جینۆساید و نیشتمانەکەشی داگیر کردووە، بچەمێتەوە.
بەڵێ بۆ جیاوازیی بیر و ڕای سیاسی، بەڵێ بۆ جیاوازیی ئایدۆلۆژی، بەڵێ بۆ ھەموو جۆرە جیاوازییەک، بەڵام لە چوارچێوەی پاراستنی نیشتمان و بەھا بەرزەکانی. ھیچ بیر و باوەڕێک و ھیچ جۆرە پاساوێکی سیاسی و ئەخلاقی لە سەروی نیشتمان و بەھاکانییەوە نییە، ئەوەی ئەمڕۆ لە کوردستان دەگوزەرێ و دەیبینین، ناکۆکییە سیاسییەکان ئەو چوارچێوەیان تێپەڕاندووە. وای لێھاتووە نوێنەرێکی خەڵکی کوردستان، بە ئاشکرا و لەبەردەم میدیای عەرەب و جیھاندا بڵێت: فەرماندەیەکی پێشمەرگەی نەتەوەکەی خۆی ھەڵساوە بە راگوازتن و دەرکردن، کە ماوەی نزیکە سەدەیەکە ھەمان ئەو نەتەوە ھەڵساوە بە داگیرکردن و ئەنفالکردنی نەتەوەکەی خۆی و خاکەکەی و ھەزاران ڕۆڵەی کوردستان بوونەتە قوربانی بۆ ڕزگاری ئەو خاکەی ئەو پێی دەڵێت راگوازتن و دەرکردن.
ناکۆکیتان لەگەڵ پارتی ئاساییە، بەڵام بگاتە ئەو ئاستەی بەھۆی رقتان لە پارتی رقتان لە نیشتمان و نەتەوەش بێت، ئاسایی نییە و جۆریکە لە ئینتیحاری سیاسیتان.