Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

كچه‌پێشمه‌رگه‌ و كوڕه‌شه‌هیدێك، سكاڵا له‌سه‌ر په‌رله‌مانتارێكی گۆڕان تۆمار ده‌كه‌ن

هەولێر-KDP.info-  لەبەرانبەر بێڕێزی و سوكایەتیكردن بە خێزان و كەسوكاری پێشمەرگە، حەفتەی دابێ لە دادگای دهۆك دوو پەرلەمانتار سكاڵای یاسایی لەسەر پەرلەمانتاری گۆڕان (سروە عەبدولواحید) تۆمار دەكەن، پەرلەمانتارێكیش دەڵێ، ''من كچە پێشمەرگەمە و هەموویان باش دەزانن چوون پەروەردە كراوین.''

(ئامینە زكری) جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی گوت، ''لەسەر ئەو سوكایەتییەی لەلایەن (سروە عەبدولواحید) پەرلەمانتاری بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق بە كەسوكاری پێشمەرگەی کردووە، رۆژی دووشەممەی دابێ، من وەك كچەپێشمەرگەیەك و هاوكارم پەرلەمانتار (دڵشاد شەعبان) وەك كوڕەشەهید لە دادگای دهۆك سكاڵا لەسەر ئەو پەرلەمانتارە تۆمار دەكەین، چونكە ئەمە لوتكەی بێشەرمییە بەرانبەر بە پێشمەرگە و ژن دەكرێت.''

(ئامینە زكری) هه‌روه‌ها گوتی، ''هەموومان دەزانین ژنی كورد چەند خۆڕاگر بووە و منداڵیان چۆن پەروەردە كردوون، ئاخر ئەوە ژنی كورد بوو ملی داوەتە بەر په‌تی سێدارە وەك (لەیلا قاسم) ئامادە نەبوو سەری بەرزی شۆڕ بكات بۆ دوژمنان، بۆیه‌ پێویستە ئیتر سنوورێك بۆ ئەوانە دابنرێت كە سوكایەتی بە یەكێتیی خاكی كوردستان و پێشمەرگە و شەهیدانمان دەكەن.''

قائید میرۆ