Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

پەیامێك لە سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ ڕای گشتی

هه‌ولێر-KDP.info-  له‌ په‌یامیدا بۆ خه‌ڵكی كوردستان، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان رایده‌گه‌یێنێ، ئەو بڕگەیەی لە یاسای بودجەی گشتیی عێراقدا بۆ پێشمەرگە جێگیر كراوە ڕوون نییە و لاستیكیە و خوێندنەوەی جۆراوجۆر هەڵدەگرێ و بواری یاریپێكردنی تێدا هەیە. هه‌روه‌ها داوا له‌ نوێنه‌رانی كورد له‌ به‌غدا ده‌كات، بێن لەگەڵ حكوومەتی هەرێم كۆ ببنەوە و بە وردی دیراسەی ئەم بابەتە بكەن، بۆ ئه‌وه‌ی ڕاستییەكان و موزایەداتی سیاسی لەبارەی بودجە و داهاته‌وه‌ بۆ خەڵكی كوردستان ڕوون ببێتەوە.

ده‌قی په‌یامی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان:

بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

لەبارەی ئەو بڕگەیەی لە یاسای بودجەی گشتیی عێراقدا بۆ پێشمەرگە جێگیر كراوە، بە خەڵكی كوردستان ڕادەگەیێنم كە بڕگە پەسەندكراوەكە ڕوون نییە و لاستیكیە و خوێندنەوەی جۆراوجۆر هەڵدەگرێ و بواری یاریپێكردنی تێدا هەیە.
بابەتی دروستكردنی گرفت بۆ بودجەی پێشمەرگە و هەرێم شتێكی تازە نییە و هەر لە ساڵی 2005ـەوە بە شێوەی جۆراوجۆر حكوومەتی عێراقی پابەبەندبوونە داراییەكانی لە بەرانبەر پێشمەرگە و هەرێم جێبەجێ نەكردووە و گرفتی بۆ ناوەتەوە. بە تایبەتی ئەو عەقلییەتەی سیاسەتی بڕینی بودجەی هەرێم و برسیكردنی خەڵكی كوردستانی پەیڕەو كردووە و ئەوانەی ڕاوێژی نانبڕینی گەلی كوردستانیان داوە هەرگیز ئامادەیش نابن كێشەكانی خەڵكی كوردستان چارەسەر بكەن.
سەبارەت بە هەوڵ و بۆچوونی ژمارەیەك لە ئەندامانی فراكسیۆنەكانی كوردستانی بۆ چارەكردنی بابەتی بودجەی هەرێم و پێشمەرگە لە بودجەی گشتیی عێراق، بە پێویستی دەزانم كە پارلەمانتارانی كوردستان لە بەغدا لەگەڵ حكوومەتی هەرێم كۆ ببنەوە و بە وردی دیراسەی ئەم بابەتە بكەن و ئەگەر یاسای بودجە و بڕگە پەسەندكراوەكان لە خزمەتی هەرێمی كوردستاندا بێت و ببێتە هۆی داهاتی زیاتر، ئەوە لەسەری ڕێك بكەون. ئەگەریش ببێتە هۆی زیان بۆ هەرێمی كوردستان با بۆ خەڵكی كوردستان هەموو ڕاستییەكان و موزایەداتی سیاسی لەبارەی بودجە و داهات ڕوون ببێتەوە.


مەسعوود بارزانی
8ـی 12ـی 2016