Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

بەغدا دەمێكە پەیامەكەی وەرگرتووە

دڵشاد مستەفا وەسانی
بەغدا، لەبەرئەوەی هەندێ بڕگە و ماددەی دەستوور لە بەرژەوەندیی كورد دەبینێ، بۆیە پشتی تێدەكات، ساڵانەش لەكاتی دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای بودجە، چۆنی بوێت وای لێ دەكات.
لای هەمووانیش ئاشكرایە، بەغدا بریتییە لە هاوپەیمانیی نیشتمانیی لایەنەكانی شیعە، شەڕی كورد لە بەغدا لەسەر دەنگدان بە پڕۆژەیاسای بودجە، لە سەردەمی یەكگرتووییی هەڵوێستی لایەنە سیاسییەكانی كوردستان، شەڕێكی سەخت بوو، ئەی لە وەرزی پەرش و بڵاوی ئەو لایەنانە چۆن دەبێت؟ كاتێ لایەنە سیاسییەكان یەكهەڵوێست بوون، بەغدا مشتومڕ و دەنگدان لەسەر بودجەی زۆر درێژ دەكردەوە، ساڵ هەبووە چەند مانگێك رەت دەبوو، هێشتا دەنگ لەسەر بودجە نەدەدرا، ئەمەش بۆ ئەوەبوو، بەدوای میكانیزم و دەرفەتی نوێدا بگەڕێن، نەهێڵن پێشمەرگە بەهایەكی یاسایی بدرێتێ و لە بودجەدا حیسابی بۆ بكرێ، بەڵام ئێستا زۆر بەخێرایی تێیدەپەڕێنن، چونكە دەزانن كورد ئامادە نییە، ئەوان لە یەكهەڵوێستیی لایەنە كوردییەكان، گورزی خۆیان دەوەشاند. ئەی لەم دۆخەی ئێستا چیمان پێدەكەن؟ بەغدا پەیامی لایەنە سیاسییەكان باش دەخوێنێتەوە، بۆیە بۆ یەكهەڵوێستی و پەرش و بڵاویی لایەنە سیاسییەكانی كوردستان، ئامادەیی هەیە و لە هەردوو حاڵەتدا پلانی خۆی هەیە، لەو سۆنگەیەشەوە بەغدایان بۆ دەكاتە ژینگەیەكی لەباری برەودان بە ناكۆكی.
  بەغدا لایەنێكی ناكۆكییە لەگەڵ هەرێمی كوردستان، كەچی حزبی كوردی، بەغدا بە دادوەر دادەنێ و بۆ گوشار دروستكردن، دۆسییەكانی هەرێمی پێ دەگەیەنێت، ئەوەی لە بودجەی 2017 تێپەڕێندرا، زادەی ناكۆكییەكانی كوردستان بوو، چەندین جار گوێمان لە پەرلەمانتارانی گۆڕان بووە كە دەیانگوت داواكاریمان بەهەند وەرنەگیرێ، بە بەغدای رادەگەیەنین، بەغدایش كە دادوەر نییە بەڵكو لایەنێكی ناكۆكییە لەگەڵ هەرێم، لە بەرژەوەندیی خۆی وەبەریاندەهێنێ. هاوپەیمانیی شیعە، هێشتا پڕۆژە تائیفییەكەی بۆ قۆناغی دوای داعش نەداوەتە كورد و سوننە، وا خەریكە وردە وردە، كاریان لەسەر دەكات، بە حیساب لەگەڵ كورد و سوننە لاپەڕەی نوێ دەكاتەوە، كەچی جێی حەشدی شەعبی لە بودجەی 2017 دا دەكاتەوە، لە ئێستاوە كۆسپ دەخاتە بەردەم پڕۆژەی پێشنیازكراوی راپۆرتی ئۆلبرایت – هادلی كە باس لە سوپایەكی نیشتمانی لە عێراق دەكەن، ئەمەریكاییەكان داوا لە لایەنەكانی كوردستان دەكەن یەك بن، عەرەب بەتایبەتیش هاوپەیمانیی شیعە دەكەونە جووڵە، بۆ دۆزینەوەی میكانیزمی بەرەنگاربوونەوە.
پەرلەمانتارانی گۆڕان و یەكێتی پەلەیانە، دەڵێن ئەوە دەستكەوتە بۆ خەڵكی هەژار و پێشمەرگە، هەمووشتێك تەواوە و لەسەر حكوومەتی هەرێمی كوردستان ماوەتەوە، دەبێ نەوت بنێرێ بۆ ئەوەی مووچە بدرێت، تەنانەت مووچەی پێشمەرگەش هەر بە نەوت دەبەستنەوە، بەپێی ئەزموون، بەغدا بڕیاری داوە ئەو ئەجێندایە جێبەجێ بكات، بۆئەوەی كوردستان لە رووی ئابوورییەوە هەڵنەستێتەوە، بۆیە با هیچ لایەنێكی سیاسی دڵی خۆی خۆش نەكات كە گۆڵی لە لایەنێكی تر كردووە، ئەوە بەغدایە لایەنەكان فریو دەدات و گۆڵ لە كوردستان دەكات.