Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

پەكەكە رۆژئاوای فەوتاند

ئاریان فەرەج

گەرچی دۆزی كورد رەوایە و جیهان بە چاوی هاوسۆزی لێی دەڕوانێ، بەڵام پەكەكەی بە تیرۆریست هەژمار كردووە و لەمەشدا جگە لە رەفتارە ناسەردەمی و نەگونجاوەكانی ئەو حزبە لەگەڵ بەها رێزلێگیراوەكانی مرۆڤایەتی، كەسی دیكە بەرپرسیار نییە.
هەرێمی كوردستان زۆری هەوڵ دا ئەو حزبە خۆی بگۆڕێ و لەگەڵ بەهاكانی دونیای نوێدا بگونجێ و بە دنیابینییە بەسەرچوو و قێزەونەكەی چیتر زیان بە دۆزی رەوای كورد نەگەیەنێ، بێسوود بوو.
كاتێ ئاڵۆزییەكانی سووریا هاتنە ئاراوە، پەكەكە هەلەكەی (لە جیاتی بۆ كورد، بۆ خۆی قۆستەوە) و لقی خۆی لەوێ(پەیەدە)ی بۆ شەڕی داعش و گرووپە تیرۆریستییەكان خستەكار تا لە رێگەی شەڕكردن لەگەڵ تیرۆریستان، سیفەتی تیرۆریستی لەسەر خۆی بسڕێتەوە. جگە لەم مەبەستە، پەكەكە هیچ ئامانج و روانگایەكی نەتەوەیی نەبوو. پەیەدەش وەك لقێكی گوێ لەمست و بێ ئیرادە، كوێرانە كەوتە جێبەجێكردنی خواستەكەی پەكەكە و هەر بۆیەش بەبێ هیچ داواكاری و خواستێكی نەتەوەیی و هیچ گەرەنتییەك بۆ ئایندەی رۆژئاوا، وەك شەڕكەرێكی هەرزان و بێ ئامانج، گەنجانی كوردی رۆژئاوای خستە ناو شەڕێكی سەختەوە.
پەیەدە بۆ ئەوەی ئامانجە حیزبییەكەی پەكەكە جێبەجێ بكات، هەر لە سەرەتاوە لەگەڵ بەعسییەكانی دیمەشق رێك‌كەوت و رۆژئاوای لە شۆڕشی گەلانی سووریا جیا كردەوە و لە جیاتی ئەجێندا و خواستی نەتەوەیی، خۆی وەك تفەنگێكی "تەحتەل تەڵەب"ـی بێ داوا، خستە خزمەتی شەڕی دژەداعشەوە.
بۆ ئەوەی دەنگە نەتەوەیی و هۆشیارەكانی رۆژئاوایش كپ بكات كە بەو خۆهەرزان فرۆشی و پاشكۆیەتییە بۆ پەكەكە رازی نەبوون، حوكمێكی تاكڕۆیی پۆڵپۆتیی خۆسەپێنی داپڵۆسێنەری سەپاند و كەوتە ڕاوەدونانی بەرەی هێزە نەتەوەییە دیموكراتخوازەكانی رۆژئاوا. لە تەنگپێهەڵچنین و كوشتن و رفاندن و دەركردنی چالاكانی سیاسییەوە دەستیپێكرد و دواجار كاری گەیاندە سوتاندنی ئاڵای كوردستان.
هەرێمی كوردستان و شەخسی سەرۆك بارزانی لە روانگای پەرۆشیی نەتەوەیی و قۆستنەوەی رەوشی سووریا بۆ بەرژەوەندیی كورد و زامنكردنی مافەكانی ئەو پارچەیەی كوردستان، هەر لە سەرەتای هەراكەی سووریاوە، هەرچیی لە توانادا بوو لە هاوكاریی ماددی و مەعنەوی و لۆجیستی و سیاسی و دیپلۆماسی، بۆ رۆژئاوای فەراهەم كرد، تەنیا بەو ئامانجەی كۆی هێزەكانی رۆژئاوا مافی كورد بكەنە ئامانج و ئەجیندا و دەرفەت لەدەست كورد نەچێ، بەڵام پەیەدە لە هەموو رێكکەوتنەكان خۆی دزییەوە و گوێلەمستیی بۆ پەكەكە رێگەی نەدا بڕیارێكی ژیرانە و بویرانە بدات.
ئەمەریكا و رۆژئاواییەكان پەكەكەیان بە تیرۆریست ناسیوە و ئێستایش هەر وای لێدەڕوانن، بەڵام وەك هێزێكی هەرزان و بێ داوا و شەڕكەرێكی غافڵ (كە ئامادەیە هەزار و نەوەت و یەك كوڕی كورد لە مەنبج بە كوشت بدا و دوایەش بكشێتەوە) مامەڵەی لەگەڵ دەكەن و لە شەڕی داعشدا بەكاری دێنن.
سیاسەتی پەكەكە و جێبەجێكردنی لە لایەن پەیەدەوە، تا ئێستا جگە لە بەكوشتدانی عەبەسییانەی هەزاران گەنجی كورد، بەتاڵكردنەوەی شۆڕشی رۆژئاوا لە هەر داوا و داخوازییەكی نەتەوەیی، چۆڵكردنی رۆژئاوا لە خەڵكەكەی، حوكمدارییەكی خۆسەپێنی تاكڕۆ و پۆڵپۆتی، هیچی دیكەی بۆ كورد لێ شین نەبووە. پەكەكەش لە لیستی تیرۆر ناهێنێتە دەرێ. چونكە جیهان بە فیكر و دنیابینیی پەكەكە ئاشنایە و بێ دوودڵی بە تیرۆریستی دەزانن، بەڵام حاڵی حازر بۆ بەكارهێنانی لە شەڕی داعشدا، چاویان لێی پۆشیوە.