Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان: سووتاندنی ئاڵای كوردستان دژایه‌تیی گەلی كوردستانه‌

هه‌ولێر-KDP.info-  سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان سووتاندی ئاڵای كوردستان لە شاری "عاموودا" شەرمەزار دەكات و له‌ په‌یامیدا له‌به‌رانبه‌ر ئه‌و كاره‌دا رایده‌گه‌یێنێ، ''ئەو كارە بە كارێكی دژ بە سەرجەم گەلی كوردستان دەزانین.''

ده‌قی په‌یامی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان:
لە رۆژی 2/12/2016 هێزەكانی "پەیەدە" لە شاری "عاموودا"ی رۆژئاوای كوردستان، هێرشیان كردە سەر نووسینگەی ئەنجوومەنی نیشتیمانیی كورد لە سووریا "ئەنەكەسە" و ئاڵای كوردستانیان سووتاند.

ئێمە ئەو كارە بە كارێكی دژ بە سەرجەم گەلی كوردستان دەزانین و شەرمەزار دەكەین، چونكە ئاڵای كوردستان هێمای خوێنی شەهیدان و پێكەوەژیان و ئاشتییە لە هەموو كوردستان، هەروەها هەر كارێكی ئازاردان و توندوتیژیی دژ بە هەر تاكێكی كوردستان ئیدانە دەكەین و داوای ئازادكردنی بەپەلەی بێتاوانەكانیش دەكەین.

لە هەمان كاتیشدا دەستخۆشی لە خەڵكی خۆراگری شاری "عاموودا" دەكەین كە بەوپەڕی گیانی نیشتیمانپەرییەوە ئاڵای كوردستانیان پاراستووە و دەیپارێزن و، دڵنیاین كە داوارۆژ بۆ گیانی خۆراگری و خەباتی ئاشتیانە دەبێت.

سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان
4/12/2016