Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

لیژنەی ناوخۆی په‌رله‌مان: کاتی ئەوەیە سنوورێک بۆ چەکدارانی پەکەکە دابنرێت

هەولێر-KDP.info-  جێگری سەرۆکی لیژنەی ناوخۆ لە پەرلەمانی کوردستاندا دەڵێ، کاتی ئەوەیە سنوورێک بۆ چەکدارانی پەکەکە دابنرێ، چونکە لە رێسا و یاسا لایانداوه‌.

(نازم كەبیر) جێگری سەرۆكی لیژنەی ناوخۆ لە پەرلەمانی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان راگەیاند، ''چەكدارانی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) هاووڵاتیی سڤیلی هەرێم دەكەنە ئامانج، چەندین ساڵە بەهۆی سیاسەتی هەڵەیانه‌وه‌ هاووڵاتیانی هەرێمی لە گوند و ناوچەكانیان بێبەش كراون؛ پێویستە داوكاری گشتی و حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە جیددی كار لەسەر ئەو پرسە بكەن، لەبەر ئەوەی سه‌دان گوند پەكەكە داگیری كردوون و ناهێڵن خەڵكەكەی بگەڕێنەوە، هاوكات داوا لە رێكخراوەكانی مافی مرۆڤیش دەكەین لەو رەفتارانەی چەكدارانی پەكەكە بێدەنگ نەبن له‌وه‌ی چیی بەسەر هاووڵاتیانی سڤیل دێنن، حەقیشە لەمەودوا خەڵكیش ئەمە لە پەكەكە قه‌بووڵ نەكات و بێدەنگی بشكنن.''

(نازم كەبیر) گوتیشی "پەكەكە پابەندی هیچ یاسایەكی هەرێمی كوردستان و جیهانیش نییە، بۆیە پێویستە سنوورێك بۆ چەكدارانی دیاری بكرێت و رێگە نەدرێت چیی دی دەستدرێژی بكەنە سەر هاووڵاتیان. داوایش دەكەین لیژنەیەكی لێكۆڵینەوە پێك بێت و بە وردی لێكۆڵینەوە لە شەهیدكردنی گەنجەكەی ناوچەی ئامێدی بكرێت و بە گوێرەی یاسا بكوژانی گەنجەكە سزا بدرێن.''

جێگری سەرۆكی لیژنەی ناوخۆ لە پەرلەمانی كوردستان هه‌روه‌ها ده‌ڵێ، ''لە هەمووی سەیرتر ئه‌وه‌یه‌ بەرپرسێكی پەكەكە لێدوانی بۆ راگەیاندنەكان داوە گوایە بۆ كوشتن تەقەی له‌ گه‌نجه‌كه‌ نەكردووه‌!، ئێ باشە خۆ گەنجێكی كوڕە ئەنفال داعش نییە چەكدارانی پەكەكە بەو شێوەیە تەقەی لێ بكەن؟، ئیدی پاساودانی كردارێكی له‌مشێوه‌یه‌ بێبایه‌خه‌.''

قائید میرۆ