Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

پەیەدە تووشی قەیرانی شووناس بووە؛ سووتاندنی ئاڵا بۆ ئەوەیە كورد دەوڵەتی نەبێت

هەولێر-KDP.info-  پسپۆڕێكی زانستە سیاسیەكان پێی وایە سووتاندنی ئاڵای كوردستان لە لایەن پەیەدەوە تەنیا ئامانجێكی هەیە، ئەویش ئه‌وه‌یه‌ تا میللەتی كورد دەوڵەتی سەربەخۆی نەبێت. جه‌ختیش ده‌كاته‌وه‌ له‌وه‌ی كه‌، ئەو كەس و لایەنانە لەنێو میللەتدا جێیان نابێتەوە، چونكه‌ سەد ساڵە كورد قوربانی بۆ ئاڵاكەی دەدات.

(د.ساڵح مەلا عومەر) مامۆستای زانستە سیاسییەكان لە زانكۆی سەڵاحەدین بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، ''هەر نەتەوەیەك بۆ ئەوەی شووناسی نەتەوەییی خۆی بكات، پێویستە ئاڵایەكی یەكگرتووی هەبێت بۆ ئەوەی هەموو لایەنەكان لەژێر ئەم ئاڵایه‌دا كۆ ببنەوە. ئاڵای كوردستان لە سه‌رده‌می كۆماری كوردستانه‌وه‌ بۆ كورد دانراوە و هەموو لایەنە كوردستانییەكان ئەم ئاڵایەیان قەبووڵە، تەنها لایەنێكی وەك پەیەدە ئاڵای كوردستانی قەبووڵ نییە و سووتاندوویەتی، ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە تووشی قەیرانی شووناسی خۆیان بوونە، كە خۆیان باوەڕیان بەو پڕەنسیپانە نییە بۆ بەرژەوەندیی گەلی كورد هەوڵ بدەن و حاڵەتێكی یەكگرتووی هەبێت، كورد مێژوویەكی درێژی لەگەڵ ئاڵای كوردستان هەیە و دەبێت هەموومان لەژێر ئەم ئاڵایەدا دانیشین دانوستان بكەین و یەكتر قەبووڵ بكەین.''

چه‌ند ڕۆژێكه‌ له‌ ڕۆژئاوای كوردستان كه‌ پارتی یه‌كێتی دیموكرات(په‌یه‌ده‌)، به‌ زه‌بری هێز خۆی له‌وێ سه‌پاندووه‌، ماڵ به‌ ماڵ به‌ دووی ئاڵای كوردستاندا ده‌گه‌ڕێ و قه‌ده‌غه‌ی ده‌كا و ده‌یسووتێنێ، چالاكانی سیاسی كه‌ هه‌ڵگری بیروڕای جیاواز له‌ وانن، راپێچی زیندانه‌كانی ده‌كا.
ئەو پسپۆڕه‌ی زانستە سیاسییەكان هه‌ر له‌م باره‌یه‌وه‌ گوتی، ''سووتاندنی ئاڵای كوردستان تەنیا لە بەرژەوەندیی ئەوانەدایە كە دژی ئەوەن كورد دەوڵەتی سەرەبەخۆی كوردستان دروست بكات، دەیەوێ ئەم سیبمۆلانەی كورد كۆ دەكاتەوە و خەباتی خۆیان دەكەن لەناوی ببەن. بە بڕوای من هەرلایەنێك رەفتاری وەها بكات بە سووتاندنی ئاڵای كوردستان خۆی لەخۆیدا ئەو لایەنانە دەیانەوێ ئەم پەیامە بە نەیارانی كورد بڵێن: ئێمە نامانەوێ گەلی كورد خاوەن كیان و دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان بێت. هه‌ڵبه‌ت ئه‌وانه‌ لەناو رای گشتیی كوردستان جێگەی ئەو كەسانە نابێتەوە كە ئاڵای كوردستان دەسووتێنن، چونكە ئاڵا پەیوەندی بە كەسێك و لایەنێكەوە نییە، پێوەندی بە میژوو و قوربانیی سەدساڵی رابردووی كوردەوە هەیە.''

(ساڵح مەلا عومەر) راشیگەیاند، ''سووتاندنی ئاڵای كوردستان نیشانەی ئەوەیە پەیەدە باوەڕی بە یەكڕێزیی گەلی كورد نەماوە، باوەڕیان بەوە نەماوە كورد مافەكانی خۆی وەك دەوڵەتێكی سەربەخۆ بەدەست بێنێت، تەنیا نیشانەی ئەوەیە وەك عاملێك دەكەوێتە ژێر دەستی نەیارانی كورد بۆ بەرژەوەندیی خۆی بەكار بێنێ. شتێكی زۆر سروشتییە حزبێك رەفتاری وەها بكات بۆ ئەوەی خۆی بسەپێنێ بەسەر كۆمەڵگەی كوردیدا تا دەرفەت بە خەڵكانی نیشتیمانپەروەر نەدات به‌ ڕاستی بەرگری لە مافەكانی میللەتی خۆیان بكەن، یەكێك لە هۆكارە سەرەكییەكانی كوردیش ئەوە بووە كە هەندێك لایەن و قەیرانی ناوخۆ رێگری كردووە كورد نەتوانێ دەوڵەتێكی سەربەخۆ دروست بكات، بەڵام ئاستی هۆشیاریی میللەتی ئێمە ئەوەندە بەرز بووەتەوە شوێنی ئەوكەسانەی تێدا نابێتەوە رەفتاری وەها ئەنجام بدەن.''

قائید میرۆ