Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

گوندنشینان: پەکەکە مڵك و ماڵی زه‌وت كردووین؛ هۆکاری ئاوەداننەکردنەوەی ٦٠٠ گوندی سنووری هەولێر و دهۆکە

هەولێر-KDP.info-  خەڵکی ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان دەڵێن، لەبەر پەکەکە ناتوانن بچینەوە سەر مڵك و ماڵی خۆیان و گوندەکانیان پێ چۆڵ کردوون. وەک گوندنشینان باسی دەکەن، ٢٥ ساڵە لە گوندەکانیان نەماون و پەکەکە ناوچه‌كانیانی کردووە بە بارەگای خۆیان.

(ئه‌لیاس حەیدەر) كه‌ هاووڵاتییەكی سنووری شارۆچكەی ئامێدییە بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: ''زیاتر لە ٢٥ ساڵە ئاوارە بووینە، ئێستایش لە سەنتەری ئامێدی  نیشتەجێین، نازانین چی بكەین، تا ئێستایش هیچ شتێك دیار نییە كەی دەگەڕێینەوە گوندەكەمان، زۆر جار بە هاوین هەوڵمان داوە بگەڕێینەوە، بەڵام پەكەكە ڕێگریمان لێ دەكات و ناهێڵن بە ئاسانی بچینەوە گوندی باب و باپیرانمان، خۆ ئەگەر گوندەكان ئاوەدان كرابانەوە، هەم بۆ ئێمە هەم بۆ حكوومەت زۆر باش دەبوو، بۆیە داواكارین هەرچی زووە پەكەكە بنكە و بارەگاكانی خۆیان لە گوندەكانی ئێمە بباتە دەرەوە و بگەڕێتەوە باكووری كوردستان.''

ئه‌و هاووڵاتییه‌ی گوندەكەیان دەكەوێتە سەر سنووری باكووری كوردستان، گوتیشی: ''دوێنی گەنجێكی ناوچەكە لەگەڵ چەند كەسێكی دیكە چووەتە دەرەوە و چووەتە گوندی خۆی، بەڵام چەکدارانی پەكەكە تەقەیان لێی کردووە و شەهیدیان کرد، بەوەیش ڕانەوەستاون ٣ كەسی دیكەیان دەستگیر كردوون، بەڵام دواتر ئازاد كردوونە.. رۆژ بۆ رۆژ پەكەكە كێشە لە دوای كێشە دەنێتەوە، جا بۆیه‌ داوایان لێ دەكەین كێشە دروست نەكەن و لە ناوچەكە بچنە دەرەوە و چی دیكه‌ وه‌ك سته‌مكار ناوچه‌كه‌مان داگیر نه‌كات و به‌ ئازادی لێی بژین.''

(خالید عەلی) هاووڵاتییەكی دیكەی ناوچە سنوورییەكانە بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی جه‌ختی كرده‌وه‌، ''بە هۆی هەبوونی بنكە و بارەگاكانی پەكەكە لە ناوچەكە، ژیانی ئێمە كەوتووەتە مەترسییه‌وه‌، داوا دەكەین هەرچی زووە پەكەكە بنكە و بارەگاكانی خۆی لە گوندەكەمان بباتە دەرەوە، كه‌ بەداخەوە پەكەكە ئامادە نییە  گوندەكەمان چۆڵ بكات، هەر لەبەر ئەوەیش تا ئێستا ئێمە نەگەڕاوینەتەوە سەر سه‌ر مڵك و ماڵی باپیرانمان.''

(خالید) ده‌ڵێ، ''جیا له‌وه‌ی ڕێ نادات ئێمە بگەڕێینەوە سەر گوند و ئاواییەكانی خۆمان و كاری خۆمان بكەین، پەكەكە هەرچی خێروبێری گوندەكان هەیە بۆ خۆی دەبات. هەر كاتێكیش بمانه‌وێ سەرێكی گوندەكانمان بده‌ینه‌وه‌ بە ترس و لەرزه‌وه‌یه‌ و به‌ مه‌ترسی بۆ سه‌ر خۆمانیان ده‌زانین، ئاخر ئه‌وان ئامانیان نییه‌.. له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه‌ زۆر جار هەبووە لەبەر پەكەكە توركیا بۆردوومانی گوند و ئاواییەكانی ئێمەی كردووە و هاوولاَتیان بوونەتە قوربانی.''

بەرپرسانی هه‌رێمی كوردستان پێشتر بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان ئاماژەیان داوه‌ كه‌، پەكەكە بووەتە كێشە بۆ ناوچە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان، لەبەر هەبوونی بنكە و بارەگاكانی پەكەكەش ٦٠٠ گوند لە سنووری پارێزگای هه‌ولێر و دهۆکدا ئاوەدان نەكراونەتەوە و، توركیایش بۆردوومانی ئەو ناوچانە دەكات، ئەوەیش زیانێكی زۆر بەو ناوچانە دەگەینێت.

ڕابین شێروانی