Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

جێگری سەرۆكی هەرێمى ئێل دوو فرانسی فەرەنسا: پێشمه‌رگه‌ جێگەی شانازیی كۆمەڵگای نێودەوڵەتییە

هه‌ولێر-KDP.info-  له‌ كۆبوونه‌وه‌یدا له‌گه‌ڵ سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستاندا، جێگری سەرۆكی هەرێمى ئێل دوو فرانسی فەرەنسا رایگه‌یاند، بەرگریی پێشمەرگە لە هەموو پێكهاتەكان بێ جیاوازی بەتایبەتی لە كریستیان و ئێزدییەكان، جێگەی شانازیی كۆمەڵگای نێودەوڵەتییە.

نیوەڕۆی ئەمڕۆ یەكشەممە 4-12-2016، (نێچیرڤان بارزانی) سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە (پاتریك كرم) جێگری سەرۆكی هەرێمى ئێل دوو فرانسی فەرەنسا و شاندێكی دیپلۆماسیی یاوەری كرد.

لە دیدارێكدا شاندی میوان خۆشحاڵیی خۆیان بە سەردان و پێشكەوتنەكان و پێكەوەژیانی نەتەوەیی و ئاینی لە هەرێمی كوردستان دەربڕی، ئاماژەیان بەوەش دا كە بەرگریی پێشمەرگە لە هەموو پێكهاتەكان بێ جیاوازی بەتایبەتی لە كریستیان و ئێزدییەكان، جێگەی شانازیی كۆمەڵگای نێودەوڵەتییە.
لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا شاندی میوان تیشكیان خستە سەر پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا و پڕۆژەی داهاتووی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە چوارچێوەی عێراقی دوای ئازادكرنەوەی مووسڵ و شێوەی پەیوەندییەكانی داهاتووی هەولێر لەگەڵ بەغدا، ئایندەی ئەو پێكهاتانەی لە ناوچەكە دەژین، گەڕاندنەوەی ئاوارەكان بۆ سەر زێدی خۆیان، دابینكردنی ئاسایش و خزمەتگوزاریی پێویست بۆیان و ئاوەدانكردنەوەی ناوچەكانیان.

لای خۆیەوە سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان سوپاسی ئەو سەردانە و حكوومەتی فەرەنسا و هاوپەیمانانی كرد بۆ هاوكارییە سەربازی و مرۆییەكانیان بۆ هەرێمی كوردستان. ئاماژەی بەوەش دا خەڵك و پێشمەرگەی كوردستان لە بەرانبەر تیرۆریستانی داعش توانییان بەرگری لە كوردستان و هەموو پێكهاتەكان و جیهانی ئازاد و بنەماكانی مرۆڤایەتی بكەن. دووپاتیشی كردەوە حكوومەتی هەرێمی كوردستان دژی ئەوەیە پێكهاتە جیاوازەكان كە ڕەگ و ڕیشەیەكی مێژووییان لەو وڵاتە هەیە، وڵاتی خۆیان جێ بهێڵن، بەڵكو دەبێت بەردەوام بن لەسەر پێكەوەژیانی برایانە كە كوردستان شانازییەكی گەورەی پێوە دەكات و لەمبارەیەشەوە داوای لە شاندی فەرەنسا كرد هاوكار بن.

لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا (نێچیراڤان بارزانی) باسی لە بابەتی سەربەخۆیی كرد و ئاماژەی بەوە دا كە گەلی كوردستان وەك مافێكی ڕەوای خۆی سەیری سەربەخۆیی دەكات. لەمبارەیەشەوە دووپاتی كردەوە كە پێویستە لەسەر ئەو بابەتە لەگەڵ بەغدا دیالۆگ بكرێت. جەختی لەوەش كردەوە كە چەند ساڵی ڕابردوو ئەولەویەتی هەرێمی كوردستان شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش بووە، بەڵام دوای نەمانی داعش پێویستە گفتوگۆی زیاتر لەسەر بابەتی حكومڕانی و داهاتووی عێراق بەگشتی بكرێت بۆئەوەی هەموو پێكهاتەكان بتوانن لەم چوارچێوەیەدا بژین.

سەبارەت بە پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا و كێشە ناوخۆییەكانیش، (نێچیرڤان بارزانی) چارەسەركردنی كێشە هەڵواسراوەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدراڵ و كێشە ناوخۆییەكانی بە گفتوگۆ و دیالۆگ، دووپات كردەوە و لەمبارەیەوەش ڕۆڵی ئەرێنیی فەرەنسای لە پشتگیریی یەكڕێزیی خەڵكی كوردستان بەبیرهێنایەوە.

تاوتوێكردنی چەند بابەتێكی پەیوەندیدار بە ڕەوشی ناوچەكە و دوا پێشهاتەكانی شەڕی دژی تیرۆرستانی داعش، لایەنێكی دیكەی دیدارەكە بوو.