Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

نێچیرڤان بارزانی و مەكگۆرك قۆناغی دوای نەمانی داعشانیان تاوتوو كرد

هه‌ولێر-KDP.info-  نوێنه‌ری تایبه‌تی (سه‌رۆك ئۆباما) بۆ شه‌ڕی داعش، جەختی كردەوە كە ئەمەریكا بەردەوام دەبێت لە هەوڵەكانی بۆ بنبڕكردنی داعش و لەمبارەوە ڕۆڵی هەرێمی كوردستان لە ڕابردوو و ئێستادا لە هەردوو بواری سەربازی و مرۆییدا بەرز دەنرخێنێ.

ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە 3-12-2016، (نێچیرڤان بارزانی) سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە (برێت مەكگۆرك) نوێنەری تایبەتی سەرۆكی ئەمەریكا بۆ هاوپەیمانیی شەڕی دژی داعش و شاندێكی یاوەری كرد.

لە دیدارێكدا (مەكگۆرك) خۆشحاڵیی خۆی بە سەردان و سەقامگیری و پێشكەوتنەكانی هەرێمی كوردستان دەربڕی، دواتر باسی لە پێشكەوتنە مەیدانییەكانی شەڕی دژی تیرۆرستانی داعش لە مووسڵ و دەوروبەری كرد و ئاماژەی بەوە دا كە پێشمەرگە لەو شەڕەدا توانیویەتی سەركەوتنی گەورە و باش لە دژی داعش تۆمار بكات و لەمبارەیەشەوە هاوكاری و هەماهەنگیی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق و هاوپەیمانانی بەرز نرخاند.

لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا بەردەوامیی پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدای دووپات كردەوە بۆ چاره‌كردنی تەواوی ئەو كێشە هەڵواسراوانەی لە نێوانیاندا هەن بەتایبەتیش بۆ باسكردنی پرۆسە و پلانێكی گشتگیری سیاسی و ئەمنی دوای ئازادكرنەوەی مووسڵ بە تەواوی. جەختی لەوەش كردەوە كە ئەمەریكا بەردەوام دەبێت لە هەوڵەكانی بۆ بنبڕكردنی داعش و لەمبارەوە ڕۆڵی هەرێمی كوردستان لە ڕابردوو و ئێستادا لە هەردوو بواری سەربازی و مرۆییدا بەرز دەنرخێنن.

لای خۆیەوە سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان سوپاسی ئەو سەردانەی كرد و شاندی میوانی دڵنیا كردەوە كە لەگەڵ بەغدا بەردەوام دەبن لەسەر دیالۆگ بۆ چارەكردنی كێشەكان و هەوڵەكانیشیان لەگەڵ سوپای عێراق و هاوپەیمانان بەردەوام دەبێت تاكو ئاسایش لەو ناوچانە بەرقەرا بێت كە لە تیرۆرستانی داعش پاك دەكرێتەوە.

بە پێویستیشی زانی پلانێكی هاوبەش هەبێت بۆ دروستكردنی متمانە لەنێوان پێكهاتە جیاوازەكانی دەشتی نەینەوا بەتایبەتی ئێزدی و مەسیحییەكان تاكو بتوانن بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان و ڕێكاری پێویستیش بەرامبەر ئەو خەڵكانە بگیرێتە بەر كە پاڵپشت و هاوكاریی داعشیان كردووە لەو تاوانانەی ئەنجامیان داوە تاكو جارێكی دیكە ئەو كارەساتە لە ناوچەكە دووبارە نەبێتەوە.

تاوتووكردنی ڕەوشی ناوچەكە بەگشتی و چەند بابەتێكی پەیوەست بە ڕەوشی گشتیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و وڵاتانی دەوروبەر، لایەنێكی دیكەی دیدارەكە بوو.