Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سه‌رۆكایه‌تیی نوێی ئه‌مه‌ریكا بۆ بارزانی: لە پشتیوانیكردنتان بەردەوام دەبین

هه‌ولێر-KDP.info-  جێگری سەرۆكی هەڵبژێردراوی ئەمەریكا پەیوەندی بە سەرۆكی هەرێمی كوردستانه‌وه‌ كرد و، له‌ پێوه‌ندییه‌كه‌دا، پێزانینی بۆ خەباتی گەلی كوردستان و قوربانیدانی هێزی پێشمەرگە هەبوو و ستاییشی ڕۆڵی پێشمەرگەی كرد لە تێكشكاندنی تیرۆریستان. هه‌روه‌ها جەختی كردووه‌تەوە كە سەرۆكی هەڵبژێردراو و خۆی و وڵاتەكەی و ئیدارەی تازەی ئەمەریكا پاڵپشتی گەلی كوردستان و پێشمەرگەن و لە پشتیوانیكردنیان بەردەوام دەبن.

ئێوارەی دوێنێ هەینی 2ـی 12ـی 2016، (مایك پێنس) جێگری سەرۆكی هەڵبژێردراوی ئەمەریكا، لە ڕێگەی تەلەفۆنەوە پەیوەندی بە (مەسعوود بارزانی) سەرۆكی هەرێمی كوردستانه‌وه‌ كرد.

لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا جێگری سەرۆكی هەڵبژێردراوی ئەمەریكا وێڕای ئاماژەدان بەوەی كە پێشتر سەردانی هەرێمی كوردستانی كردووە، پێزانینی بۆ خەباتی گەلی كوردستان و قوربانیدانی هێزی پێشمەرگە هەبوو و ستاییشی ڕۆڵی پێشمەرگەی كرد لە تێكشكاندنی تیرۆریستان و جەختی لەوە كردەوە كە سەرۆكی هەڵبژێردراو و خۆی و وڵاتەكەی و ئیدارەی تازەی ئەمەریكا پاڵپشتی گەلی كوردستان و پێشمەرگەن و لە پشتیوانیكردنیان بەردەوام دەبن.

لەبەرانبەردا (سەرۆك بارزانی) پیرۆزبایی خۆی ئاراستەی سەرۆك و جێگری سەرۆكی هەڵبژێردراوی ئەمەریكا كرد بە بۆنەی سەركەوتنیان لە هەڵبژاردنەكانی ئەمەریكا و، سوپاسی هەڵوێستی سەرۆكی هەڵبژێردراوی ئەمەریكای كرد كە لە هەڵمەتی هەڵبژاردندا پاڵپشتیی خۆیان بۆ گەلی كوردستان ڕاگەیاندووە.
(سەرۆك بارزانی) ئەوەیشی خستەڕوو كە گەلی كوردستان تووشی زوڵم و نەهامەتیی زۆر هاتووە و هیوایشی خواست كە ئەمەریكا و ئیدارە تازەكەی پشتیوانی داوا ڕەواكانی گەلی كوردستان بن.

هەر لەم پەیوەندییەدا هەردوولا جەختیان لە فراوانتركردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئەمەریكا كردەوە.