Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ جێنشین و وەزیری دەرەوەی ئیماراتی یەكگرتووی عەرەبی كۆ بووه‌وە

هەولێر-KDP.info-  له‌ دیداری نێوان سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و جێنشینی ئیمارات و جێگری فەرماندەی باڵای هێزە چەكدارەكانی ئیماراتی یەكگرتووی عەرەبی و، وەزیری دەرەوەی ئیماراتی یەكگرتووی عەرەبیدا، سه‌ركه‌وتنه‌كانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان و هێزەكانی سوپای عێراق به‌رز نرخێندرا و، دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و عێراق و دواپێشهاتە سیاسییەكان ئاڵوگۆڕ كرا.

لە درێژەی سەردانەكەی بۆ وڵاتی ئیمارات، ئه‌مڕۆ یەكشەممە 27ـی 11ـی 2016، لە شاری ئەبوزەبی، (مەسعوود بارزانی) سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە لایەن (شێخ محەمەد بن زاید ئال نەهیان) جێنشینی ئیمارات و جێگری فەرماندەی باڵای هێزە چەكدارەكانی ئیماراتی یەكگرتووی عەرەبی پێشوازی كرا.

لە دیدارێكی دۆستانەدا، جێنشینی ئیمارات بە گەرمی بەخێرهاتنی (سەرۆك بارزانی)ی كرد و خۆشحاڵیی خۆیشی دەربڕی بە سەركەوتنەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان و هێزەكانی سوپای عێراق لە بەرەكانی شەڕی دژی تیرۆریستان و پیرۆزبایی ئەو سەركەوتنانەی لە سەرۆك بارزانی كرد.

هەر لەم دیدارەدا ڕۆشنایی خرایە سەر بارودۆخی مەیدانیی بەرەكانی شەڕی تیرۆریستانی داعش و (سەرۆك بارزانی) باسی لە ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنی مووسڵ و هەنگاوەكانی پلانە سەربازییەكان و بارودۆخی مرۆیی و ئاوارەكان باس كرد. هەروەها سوپاسی مانگی سووری ئیماراتیشی كرد كە لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا یارمەتیی پێشكەشی ئاوارەكان و لێقەومانی شەڕی تیرۆریستان لە عێراقدا كردووە.
هەروەها جێنشینی ئیمارات سوپاسی تایبەتی ئاراستەی (سەرۆك بارزانی) و گەلی كوردستان كرد كە میوانداریی سەدانهەزار ئاوارە و پەنابەریان كردووە.

لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا بارودۆخی سیاسیی ناوچەكە و دواگۆڕانكارییە سیاسییەكان تاوتوێ كرا.

ئێوارەی هەمان ڕۆژ و لە شاری ئەبوزەبی، (مەسعوود بارزانی) سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ (شێخ عەبدوڵڵا بن زاید ئال نهیان) وەزیری دەرەوەی ئیماراتی یەكگرتووی عەرەبی كۆ بووه‌وە.

لە كۆبوونەوەكەدا بیروڕا لەبارەی بارودۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و عێراق و دواپێشهاتە سیاسییەكان ئاڵوگۆڕ كرا. هەروەها تیشك خرایە سەر هاوكێشە سیاسییە نێودەوڵەتییە تازەكان.

پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئیماراتی یەكگرتووی عەرەبی تەوەرێكی دیكەی دیدارەكە بوو.