Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

زۆزان سادق: ''نێچیرڤان بارزانی پێیڕاگەیاندین ساڵی دابێ باری ئابووریی هەرێم باشتر دەبێ''

هەولێر-KDP.info-  بەشداربوویەکی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ ستافی پارتی لە پەرلەمان و حکوومەتدا ده‌ڵێت، (نێچیرڤان بارزانی) پێیڕاگەیاندوون ساڵی دابێ حكوومه‌ت كه‌مێك له‌ كێشه‌كانی چاره‌ ده‌كات و ئابوورییه‌كه‌شی زۆر باشتر دەبێ و، پێدانی مووچەیش باشتر دەبێ.


(زۆزان سادق) ئەندامی فڕاكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان و بەشداربووی كۆبوونەوەی ئەمڕۆی جێگری سەرۆكی پارتی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی راگەیاند، لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی (نیچیرڤان بارزانی) جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان لەگەڵ پەرلەمانتار و ستافی پارتی لە حكوومەت، بە وردی رۆشنایی خستە سەر رەوشی ئێستای هەرێمی كوردستان و بار و گوزەرانی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان كە بەهۆی قەیرانی دارایییەوە كوردستان كەوتووه‌تە به‌ر بارێكی گرانه‌وه‌.. له‌ كۆبوونه‌وه‌كدا بە وردی و داتا و ژمارە هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستانی خستەڕوو لەگەڵ داهاتی خاڵە سنوورییەكان و باج و رسوماتی هەرێم، هەروەها خەرجیی حكوومەت و بڕی پێدانی مووچە، لەلایەن هەریەكە لە (د.ئاشتی هەورامی) وەزیری سامانە سروشتییەكان و (د. عەلی سندی) وەزیری پلاندانان و (رابەر سدیق) بریكاری وەزارەتی دارایی خرانە ڕوو.

لەبارەی داهاتی سنووری پارێزگای سلێمانییەوە پەرلەمانتارەكەی پارتی گوتی، جێگری سەرۆكی پارتی و سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان ئەوەی ئاشكرا كرد، كە بەشێك لە داهاتی خالە سنوورییەكان و باج و گومرگ لە سنووری پارێزگای سلێمانی دێتەوە گەنجینەی حكوومەت، بەڵام بەشێكی داهاتی سنووری سلێمانی نایەتە نێو داهاتی حكوومەت و ئاماژەی بەوەش نەكرد ئەو داهاتەی سلێمانی بۆكوێ دەچێت.

ئه‌و به‌شداربووه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌ ئاماژەیشی دا، لە كۆبوونەوەكەدا (نێچیرڤان بارزانی) ئەوەی پێڕاگەیاندین، لە ساڵی 2017دا رەوشی داراییی هەرێمی كوردستان باشتر دەبێت، لەبەر ئەوەی كۆنتڕۆڵی رەوشەكە كراوە و چاكسازی كراوە لە كەرتە جیاوازەكاندا، بەڵام رەنگە خەڵك بەچاو ئەو چاكسازییە نەبینن، لێ ئەگەر بە وردی لێی بڕوانن ئەوە بەرچاو دەكەوێت كه‌ چاكسازی كراوە و كاریگەریی هەبووە لەسەر داهاتی هەرێمی كوردستان، بۆیە ساڵی دابێ رەوشی پێدانی مووچەیش باشتر دەبێت لە هەرێمی كوردستان.

لەبارەی  ناڕەزایەتیی هاووڵاتیانەوە (زۆزان سادق)  ئاماژەی دا، جێگری سەرۆكی پارتی پێیگوتین، لە ساڵی 2004ه‌وه‌ هەموو حزبەكان هۆكار بوون حكوومەت بكه‌وێته‌ به‌ر ئه‌م باره‌ سه‌خته‌وه‌، به‌ڵام ئێستا پێداچوونەوە كراوە.
ئه‌و گوتی، (نێچیرڤان بارزانی) به‌ هێنانه‌وه‌ی نموونەیه‌ك باش له‌ بژێویی ناله‌باری هاووڵاتیان تێگه‌یشتووه‌ و، گوتی ''چۆن داهاتی خێزانێك سێسەد دۆلار بێت و خەرجی مانگانەكەشی شەشسەد دۆلار بێت، خۆی تا ئه‌مه‌ كۆنتڕۆڵ دەكرێت زەحمەتە، به‌ڵام له‌ هه‌وڵدان بۆ چارەكردنی رەوشەكە بە گشتی و وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ناڕەزایەتییەكانی خەڵك به‌رده‌وام ده‌بن.''

قائید میرۆ