Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

بۆچی دژایەتیی پێشمەرگە دەكرێت؟

دڵشاد مستەفا وەسانی

ماوەیەكە شاڵاوی دژایەتیكردنی پێشمەرگە بەرفراوانتر بووە، ماشێنێكی گەورەی راگەیاندنی بۆ تەرخان كراوە، كار بۆ ئەوە دەكەن، ناو و شۆرەتی پێشمەرگە لەكەدار بكەن، بەتایبەتیش دوای ئەوەی سەركەوتنی گەورەی وەدەست هێنا، ناوچەیەكی زۆری خاكی كوردستانی لە دەستی تیرۆریستانی داعش پاك كردەوە، ئەم شاڵاوەش هەروا بێ بەرنامە نییە.
هەر لە سەرەتای قۆناغی بەناو(عێراقی نوێ) بە ناوی درۆی گەورەی بە دیموكراسیكردنی عێراق و فێڵ و تەڵەكەبازی دەستی پێكرد، كە ئیدی سوپایەكی مۆدێرن و نیشتمانی دادەمەزرێ، نابێ هیچ هێزێكی دی هەبێت، ئەمەش ئاماژەیەك بوو بۆ پێشمەرگە، ئەم مشتومڕە زیاتر لە سەردەمی پۆل بریمەری حاكمی مەدەنی عێراق پەرەی سەند، سەرۆك بارزانی هەڵوێستی توندی بەرامبەر برێمەر و هێزە سیاسییەكانی عێراق نواند كە نابێ قسە لەبارەی هەڵوەشاندنەوەی پێشمەرگە بكرێ، بەم شێوەیە، پێشمەرگە وەك خۆی مایەوە، تا دواتر بە بەشێك لە سیستەمی بەرگریی عێراق داندرا.
بەغدا بەهیچ شێوەیەك ئامادە نەبووە، هاوكاریی پێشمەرگە بكات، ئەمەش هەر وەك گوشارێك بوو، ببێتە هۆی ئەوەی هێزی پێشمەرگە نەمێنێ، تەنانەت لە شەڕی دژی داعشدا، نەك هاوكاری نەكرد، بەڵكو كۆسپیشی دروست كرد، بۆ ئەوەی راستەوخۆ چەك نەگاتە پێشمەرگە، سەردەمی نووری مالكیی سەرۆكوەزیرانی پێشووی عێراق، بە سەردەمی دیاری گوشارخستنە سەر كوردستان دەناسرێت، كە تیایدا قوتی خەڵكی كوردستانی بڕی، شۆڤێنیەتی عەرەبی و هێزە ئیقلیمییەكان رۆڵی گرینگی پێشمەرگەیان پێ هەرس ناكرێ.
لە لایەكی دیكەشەوە، پێویستە ئەو راستییە لەبەرچاو بگرین، تادێت دۆخەكە ئاڵۆزتر دەبێت، دەوڵەتی خەلافەتی داعشیش نەمێنێ، مەترسی هەر دەمێنێ، بۆیە لەو گێژاوەی ناوچەكەدا، هەر پێشمەرگەیە كورد و پێكهاتەكانی دی دەپارێزێت، وەك دەریشكەوت، ئەمەریكا سوپا لەو ئاڵۆزیانەدا بەكار ناهێنێ و پشت بە هێزە ناوخۆییەكان دەبەستێت، وەك هەندێ توێژەر و شارەزا پێشبینی دەكەن، سەردەمی (دۆناڵد ترامپ)ی سەرۆكی نوێی ئەمەریكایش، بەو شێوەیە دەمێنێتەوە.
بۆیە ئێستا دەركەوت شەڕی هێشتنەوەی پێشمەرگە لە لایەن سەرۆك بارزانییەوە چەند گرینگ بووە، هەر ئەو خوێندنەوەیە و ئەزموونی چەند ساڵی رابردوویشە، جارێكی دی سەرۆك بارزانی دەباتەوە سەر ئەوەی كە لە رۆژی 16 ی 11 ی 2016 لە باشیك بڵێ "جارێكی دی هێزی پێشمەرگە تۆكمە دەكەینەوە"، ئەوانەی هەوڵی نەهێشتنی پێشمەرگەیان دەدا، بۆ ئەوەبوو لەم رۆژگارەدا كەس بەرگریمان لێ نەكات، بەڵام پێشمەرگە بەخوێنی خۆی بەرگریی لە كوردستان كرد، بەو سەركەوتنە سەروەری و شانازییەكی مەزنی تۆمار كرد، شانازییەكی گەورەش بە سەرۆك بارزانی دەبڕێ، چونكە لە دۆخێكی ناهەمواردا، رابەرایەتیی ئەو هێزەی كرد، دۆخێك كە حزب هەیە لە پشت سەنگەری پێشمەرگەوە، نەك هاوكار نین، بەڵكو بەدوای پشكی خۆیاندا دەگەڕێن.