Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سه‌رۆك بارزانی بۆ تره‌مپ: گەلی كوردستان چاوەڕوانی لێتانه‌ بۆ بەدیهێنانی مافە ڕەواكانی پشتیوان بن

هه‌ولێر-KDP.info-  له‌ په‌یامی پیرۆزباییه‌كه‌یدا بۆ سه‌رۆكی هه‌ڵبژێدراوی ئه‌مه‌ریكا، سه‌رۆك بارزانی ده‌خوازێ ئەو یارمەتی و هاوپەیمانییەی نێوان هه‌رێمی كوردستان و ئه‌مه‌ریكا بەردەوام و پتەوتر بێت. رایشیگه‌یاند، گەلی كوردستان چاوەڕوانی پشتیوانییەكی تەواو لە دۆناڵد تره‌مپ دەكات بۆ بەدیهێنانی مافە ڕەواكانی.

ده‌قی په‌یامی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ سەرۆكی هەڵبژێردراوی ئەمەریكا:

زۆر بەڕێز دۆناڵد ترەمپ
بەناوی خۆم و گەلی كوردستانەوە پیرۆزباییەكی گەرمتان ئاراستە دەكەین بەبۆنەی هەڵبژاردنتان وەك سەرۆكی نوێی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا.
هیوادارم لەو ئەرك و بەرپرسیاریەتییە گرینگ و تازەتان سەركەوتوو بن. گەلی كوردستان ماوەیەكی درێژە كەوتووەتە بەر زوڵمێكی زۆر و ناچار بووین لەپێناو پاراستنی پێناسەی نەتەوەیی خۆمان و لەپێناو ئازادیدا خەبات بكەین. ئێستایش لە شەڕێكی قورس و گەورەداین لەبەرانبەر تیرۆریستانی داعش كە ڕێكخراوێكی تیرۆریستیی جیهانییە و لەو ڕێگەیەیشدا قوربانیی زۆرمان داوە.
سوپاسی گەل و حكوومەتی ئەمەریكا دەكەین بۆ ئەو یارمەتی و پشتیوانییەی بە ئێمەیان داوە لەم شەڕەی دژی تیرۆریستان، كە بێگومان ئەوانە دژی بنەماكانی مرۆڤایەتی و ئازادین لە جیهاندا. هیواخوازین ئەو یارمەتی و هاوپەیمانییەمان لە ئاییندەدا زیاتر بەردەوام و پتەوتر بێت. گەلی كوردستان چاوەڕوانی پشتیوانییەكی تەواو لە جەنابتان دەكات بۆ بەدیهێنانی مافە ڕەواكانی.
جارێكی تر پیرۆزبایی خۆمانتان پێشكەش دەكەین و هیوای سەركەوتنتان بۆ دەخوازین.
مسعود بارزانی
هەولێر 9ـی 11ـی 2016