Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

مه‌سروور بارزانی: داعش له‌ زۆر به‌ره‌وه‌ تێكشكاوه‌..له‌ڕووی سه‌ربازییه‌وه‌ له‌ كۆتایی نزیك كه‌وتوونه‌ته‌وه‌

هەولێر-KDP.info-   مه‌سروور بارزانی پێشوازی لە نێردەی تایبەتی سەرۆك ئۆباما بۆ هاوپەیمانیی جیهانى دژی داعش دەكات و، هه‌ردوولا جه‌ختیان له بایه‌خ و به‌رده‌وامی پشتیوانی ئاسمانی و تێبینكردنی  گۆڕانكاری به‌رچاو له‌ زیاتركردنی هێرشه‌ ئاسمانیه‌كان له‌چاو سه‌ره‌تای ده‌ستپێكردنی ئۆپه‌راسیۆنی رزگاركردنی مووسڵ كرده‌وه‌.

 

ئه‌مڕۆ  22/ 10/ 2016 مه‌سروور بارزانی راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی لە برێت مەكگورك نێردەی تایبەتی سەرۆك ئۆباما بۆ هاوپەیمانیی جیهانى دژی داعش و شاندێكی یاوەری كرد.

 

لە دیدارێكدا دوا په‌ره‌سه‌ندنه‌ سه‌ربازییه‌كانی به‌ره‌كانی روبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی تیرۆریستانى داعش به‌ گشتی و ئۆپه‌راسیۆنی رزگاركردنی مووسڵ و پێشهاته‌ سیاسیه‌كانی ناوچه‌كه‌ تاوتووكرا و هه‌ردوولا جه‌ختیان له بایه‌خ و به‌رده‌وامی پشتیوانی ئاسمانی و تێبینكردنی  گۆڕانكاری به‌رچاو له‌ زیاتركردنی هێرشه‌ ئاسمانیه‌كان له‌چاو سه‌ره‌تای ده‌ستپێكردنی ئۆپه‌راسیۆنی رزگاركردنی مووسڵ كرده‌وه‌. په‌یوه‌ست به‌ پێشڕه‌وییه‌كانی ئه‌م دواییه‌ی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ له‌ باكوور و باكووری رۆژهه‌ڵاتی مووسڵ، مه‌سروور بارزانی رایگه‌یاند، داعش له‌ زۆر به‌ره‌وه‌ تێكشكاوه‌، ئه‌مه‌ی هه‌یه‌ ئاماژه‌یه‌، كه‌ له‌ڕووی سه‌ربازییه‌وه‌ له‌ كۆتایی نزیك كه‌وتوونه‌ته‌وه‌.

 

له‌لای خۆیه‌وه‌ برێت مەكگورك جەختی لە به‌رده‌وامیدان به‌ پاڵپشتی و پشتیوانیكردنی ئەمەریكا بۆ هێزی پێشمەرگە كرده‌وە و رایگه‌یاند، ئێمه‌ به‌یه‌كه‌وه‌ین و پشتیوانیمان بۆ تێكشكاندنی ئه‌و دوژمنه‌ دڕه‌نده‌یه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت.

 

لە بەشێكی تری كۆبوونەوەكە پەیوەندییه‌كانى  نێوان هەولێر و بەغدا تیشكی خرایه‌ سه‌ر و هه‌ماهه‌نگیی و گفتوگۆی نێوان هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ و سوپای عێراق له‌ ئۆپه‌راسیۆنی رزگاركردنی مووسڵ به‌ هه‌نگاوێگی گرنگ دانرا بۆ شكستپێهێنان به‌ داعش و چاره‌كردنی كێشه‌كانی عێراق.

 

 هه‌ر له‌ دیداره‌كه‌دا نێرده‌ی تایبه‌تی سه‌رۆكی ئه‌مریكا بۆ هاوپەیمانیی جیهانى دژی داعش پرسه‌ و سه‌ره‌خۆشی باراك ئۆبامای له‌ كه‌سوكاری شه‌هیدانی پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌كان كرد و هیواى زوو چاكبوونه‌وه‌شی بۆ برینداره‌كان خواست. هاوكات راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان سه‌ره‌خۆشی له‌ سوپای ئه‌مریكا و بنه‌ماڵه‌ی ئه‌و سه‌ربازه‌ ئه‌مریكییه‌ كرد، كه‌ له‌ ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌دا گیانی به‌خشی.