Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

تەیفوور: پەلامارەکەی داعش بۆ کەرکووک، کاریگەری نەکردە سەر پێشڕەوییەکانی پێشمەرگە

خازر-KDP.info-  عارف تەیفوور دەڵێ، داعش بە پەلاماردانی كەركووك دەیەوێ ئەو پاڵەپەستۆیە زۆرەی لە بەرەكانی شەڕ لەسەریتی كەم بكاتەوە، خۆ ئەم كردەوانە هیچ كاریگەریەكی لەسەر هێزی پێشمەرگە نەبوو لە بەرەكانی شەڕ و هەر لە بەرەو پێشچونین بۆ لەناوبردنی داعشدا.

 

بەرپرسی‌ میحوەری‌ خازری‌ هێزی‌ پێشمەرگەی‌ كوردستان عارف تەیفور بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "ئەو هێرشەی تیرۆریستانی داعش بۆ سەر شاری كەركووك دەیانەوێ پیشانی بدەن كە ماون و هێشتا لەناو نەچوون و توانای كردەوەی تیرۆرستیان ماوە. خۆ لەروی سەربازیشەوە ئەم جموجۆڵەی داعش بەشتێكی گرینگ سەیر ناكرێت."

 

بەرپرسی‌ میحوەری‌ خازر دەیشڵێ: "داعش لە ناوچەی مووسڵ و دەشتی نەینەوادا رەوشی زۆرخراپە و شکتی گەورەی بردووە، بەڵام ئێمە زۆر لەسەر هەستین و ئامادەباشی تەواومان هەیە بۆهەر جۆرە جموجۆڵ و كردەوەیەكی تیرۆریستی كە داعش لەوانەیە بیكات. داعش هیچ تواناو هێزێكی نەماوە، بۆیە پەنا بۆكردەوەی تیرۆریستی دەباو هەر ئەوەندەی لەدەست دێ."

 

جەختیشی كردەوە: " داعش بە پەلاماردانی كەركووك دەیەوێ ئەو پاڵەپەستۆیە زۆرەی لە بەرەكانی شەڕ لەسەریتی كەم بكاتەوە. خۆ هەرچەندە ئەم كردەوە تیرۆرستیانەی داعش لە شاری كەركووكدا هیچ كاریگەریەكی لەسەر هێزی پێشمەرگە نەبوو لە بەرەكانی شەڕ و هەر لە بەرەو پێشچونین بۆ لەناوبردنی داعش."

 

عارف تەیفوور گوتیشی کە، داعش ئەو هێزو توانایەی جارانی نەماوەو رۆژ بەرۆژ بەرەو لاوازی و كەمبوونەوەی زیاتر دەچێت، خۆ زۆرێك لە سەركردەو بەرپرسەباڵاكانیشی كوژراون. لەوانەیە داعش وەكو فكرە لە ناوچەكە بمێنێت، بەڵام داعش خۆی بەرەو نەمان دەچێ و لە كەمترین ماوەدا بوونی نامێنێت لە عێراقدا."

 

بەرەبەیانی دوێنێ هەینی تیرۆریستانی داعش لەرێگای چەند گروپێك چەكدارەوە هێرشیان كردە سەر شاری كەركووك، بەڵام هێزە ئەمنییەكان رووبەڕوویان بوونەوە و شكستیان بە پیلانەكانیان هێنا.

 

سەرباز واحد