Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ساڵەیی: هێزە ئەمنییەكان لە كەركووك دەستیان بە كێوماڵێكی سەرتاسەری كردووە

كەركووك-KDP.info- قایمقامی كەركووك دەڵێ، هێزە ئەمنییەكان دەستیان بە كێوماڵێكی سەرتاسەری كردووە لە كەركووك و، دەبێ هەموو ناوچە و شوێنێك بپشكندرێت و لە خوارووی كەركووكیشەوە دەستیان پێ كردووە.

(كامیل ساڵەیی)، بە ماڵپەڕی‌ فەرمیی پارتی‌ دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "لە ئێستادا رەوشی شاری كەركووك لە ژێر كۆنترۆڵی هێزە ئەمنییەكاندایە و لە شەقامەكانیش هاتوچۆی ئۆتۆمبێل و هاووڵاتیان ئاساییە، تەنیا لە چەند گەڕەكێكی نزیك دۆمیز چەند چەكدارێكی داعش گەمارۆ دراون و واخەریكە لەناو دەبرێن".

 (ساڵەیی) گوتیشی: "هێزە ئەمنییەكان دەستیان بە كێوماڵێكی سەرتاسەری كردووە لە كەركووك، دەبێ هەموو ناوچەو شوێنێك بپشكندرێت. ئەوەتا لە خوارووی كەركووكەوە دەستیان پێ كردووە و، لە دوای هێوربووونەوەی رەوشەكەیش، بە پلانێكی تۆكمەوە ئیدارەی كەركووك هەوڵی كێوماڵكردنی سەرجەم كەركووك دەدات".

قایمقامی كەركووك دەشڵێت، دوای هێوربوونەوەی رەوشەكە لە شاری كەركووك، بە دڵنیاییەوە هێزە ئەمنییەكان زۆر لە جاران چاوكراوەتر دەبن و پلانەكانیان تۆكمەتر دەكەن، هەروەها هەڵسەنگاندنی تەواو بۆ ئەم ڕووداوانەی دوێنێ و ئەمرۆ دەكەن و خاڵی لاواز دیاری دەكەن".

 

سەرباز واحید