Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سه‌رۆك بارزانی: بە هەر نرخێك بێت كەركووك پارێزراو دەبێت و ناكەوێتەوە دەستی دوژمنان

هه‌ولێر-KDP.info-  (سه‌رۆك بارزانی) پەلاماردانی كه‌ركووك له‌لایه‌ن داعشانه‌وه‌ به‌ هەوڵێكی بێهوودەی تیرۆریستانە بۆ قەرەبووی شكستەكانیان لەبەرانبەر پێشمەرگە لە بەرەكانی شەڕ ناو ده‌بات و له‌ په‌یامیدا به‌و بۆنه‌یه‌وه‌ ڕایده‌گه‌یێنێت، ''هاووڵاتیانی شاری كەركووك و هەموو گەلی كوردستان لەوە دڵنیا دەكەمەوە كە پشت بە خوای مەزن بە ئیرادەیەكی بەهێز و بە یەكڕیزیی پێشمەرگە و جەماوەری دڵسۆز، ڕووبەڕووی تیرۆریستان دەوەستینەوە و هەوڵەكانیان تێكدەشكێنین.''


ده‌قی پەیامی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ هاووڵاتیانی شاری كەركووك:


بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

سەبارەت بە پەلاماری ڕۆژی هەینی 21ـی 10ـی 2016 بۆ سەر شاری كەركووك سوپاسی خۆڕاگری و هاوكاریی دانیشتوانی خۆشەویستی شاری كەركووك و دەزگا ئەمنییەكان دەكەم و پرسە و سەرەخۆشیی خۆم بۆ كەسوكاری شەهیدانی پەلامارە تیرۆریستییەكە ڕادەگەیێنم و هیوای چاكبوونەوە بۆ برینداران دەخوازم.


ئەو پەلامارە هەوڵێكی بێهوودەی تیرۆریستانە بۆ قەرەبووی شكستەكانیان لەبەرانبەر پێشمەرگە لە بەرەكانی شەڕ. لەگەڵ ئەوەیش هاووڵاتیانی شاری كەركووك و هەموو گەلی كوردستان لەوە دڵنیا دەكەمەوە كە پشت بە خوای مەزن بە ئیرادەیەكی بەهێز و بە یەكڕیزیی پێشمەرگە و جەماوەری دڵسۆز ڕووبەڕووی تیرۆریستان دەوەستینەوە و هەوڵەكانیان تێكدەشكێنین.

هەر لە سەرەتای پەلامارەكەی ڕۆژی هەینی بە وردی بەدواداچوونم بۆ دۆخەكە كردووە و، بەڕێز جێگری سەرۆكی هەرێم و پارێزگای كەركووك و ژمارەیەك لە بەرپرسانی سەربازی و ئەمنیم ڕاسپاردووە كە بە پەلە كۆنتڕۆڵی دۆخەكە بكەن و ئەو بەڕێزانە دەستەڵاتی تەواویان هەیە كە ڕێوشوێنی پێویست بۆ پێداچوونەوە بە پلانی ئەمنیی شارەكە و سنووری پارێزگای كەركووك بگرنە بەر و، ئەویش لەپێناو پاراستنی كەركووك و هاووڵاتیانی سنووری ئەو پارێزگایە و ڕێگەگرتن لە پەلامار و دەستدرێژی تیرۆریستان و هەر ڕووداوێكی نەخوازراوە. بە هەر نرخێك بێت كەركووك پارێزراو دەبێت و ناكەوێتەوە دەستی دوژمنان.


مه‌سعوود بارزانی

سەرۆكی هەرێمی كوردستان


22ـی 10ـی 2016