Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ئەفەندی: 6 كیلۆمەترماوه بگەینە دەروازەی مووسڵ.. قۆناغی دووەم دەست پێ دەكه‌ین

باشیك-KDP.info- بەرپرسی میحوەری باشیك رایگەیاند، ئێستا هێزی پێشمەرگە تەنیا 9 كیلۆمەتر لە سەنتەری شاری مووسڵەوە دوورە، بۆ قۆناغی دووەمیش كە بەم زووانە دەست پێ دەكات، 6 كیلۆمەتری دیكە دەچنە پێشەوە، بەوەیش خاكی كوردستان لە دوژمنان پاك دەكرێتەوە.

(حەمید ئەفەندی)، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "لە 20ـی ئەمانگەدا بە سەرپەرشتیی راستەوخۆی (سەرۆك بارزانی) هێرشی هێزی پێشمەرگە لە چەند قۆڵێكەوە بۆ سەر تیرۆریستانی داعش دەستی پێ كرد و توانیمان بە دەیان گوند و ئاوایی ڕزگار بكەینەوە و رووبەرێكی فراوانیش لە داعش پاك بكەینەوە و زیانێكی زۆریش لە تیرۆریستان بدەین".

(ئەفەندی) گوتیشی: "باشیك تەنیا 15 كیلۆمەتر لە سەنتەری شاری مووسڵەوە دوور بوو، ئێستا كە 6 كیلۆمەتر چووینەتە پێشەوە تەنیا 9 كیلۆمەتر لەو شارەوەوە دوورین، ئێستا هێزی پێشمەرگە لەو ناوچانەی ئازاد كراون، جێگیر كراون و چاوەڕوانین لە قۆناغی دووەمدا بەرەو پێشەوە بچین و  6 كیلۆمەتری دیكە بچینە پێشەوە و بگەینە دەروازەی ئەو شارە".

بەرپرسی میحوەری باشیك ئاماژەی بەوەیش دا: "داعش شەڕی مان و نەمان دەكەن، لەناو مووسڵ خەڵكێكی زۆر  هەڵدێن، بۆیە زەختێكی زۆریان لەسەرە و بارودۆخی ئەوان تێك چووە، لەبەر ئەوە زۆریان نەماوە و داعش بە تەواوەتی لە خاكی كوردستان وەدەر دەنێین و نیشتمان لە دوژمنان ڕزگار دەكەین".

 

رابین شێروانی