Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

پێشمەرگە ٩ گوندیان ئازاد کرد و چەند دێیەکیشیان گەمارۆ داوە

میحوەرەکانی جەنگ -KDP.info-  هێزەكانی پێشمەرگە لە میحوەری باشیك و، ناوەران و، تلسقۆفەوە بە شەش سەعات ٩ گوندیان گرتەوە و، کۆمەڵە دێهاتێکیشیان گەمارۆ داوە.

 

میحوەری باشیك:

لە میحوەری باشیکەوە گوندی خراپەدەلیل، تیسخەراپەی گەورە، تیسخەراپەری بچووك و پیرحەلان ئازاد کران.

 

لە میحوەری باشیكەوە پێشمەرگە هەر کیلۆمەترێکیان ماوە بچنە ناو شارۆچكەكەوە و ئەوەندەی نەماوە بیگرنەوە. پێشمەرگە پاش گرتنەوەی گوندی خەراپەدەلیل و مەزارگەی ئیمام ڕەزا، گوندی تیسخەراپی گەورە و پیرحەلانیشیان گرتەوە و، ئاڵای کوردستانیان لەو گوندانەیشدا هەڵکرد.

 

داعش لە پاشەکشەدایە و پێشڕەویکردنی هێزەکانی پێشمەرگەش بەردەوامە، تاوەكو ئێستا لەو میحوەرە پێشمەرگە توانیویەتی ٥ کیلۆمەتر پێشڕەوی بکات.

 

داعش کوژراو و برینداری زۆریان هەیە و چەک و تەقەمەنییشیان بەجێ هێشتووە، لێ جارێ چەند و چۆنەکەی دیارە نییە؛ فڕۆکە جەنگییەکانیش چەند جارێک گوندی 'تیسخەراپ'ـیان بۆردومان کرد؛ داعش لەو گوندەدا بەرگرییان دەکرد. ئەم بەرەبەیانەیش خۆکوژێک بە ئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراوەوە دەیەویست خۆی بداتە سەنگەرەکانی هێزەکانی پێشمەرگەدا، بەڵام کەوتە بەر تیری فڕۆکە جەنگییەکان و تەقێندرایەوە."

 

گوندە ئازادكراوەكانی میحوەری باشیك:

- تیسخەراپەی گەورە

 - تیسخەراپەی بچووك

-  خەراپەدەلیل

-  پیرحەلان

 

میحوەری ناوەران:

لە میحوەری ناوەران چوار گوند گیراونەتەوە؛ ناوەران، قائیم، سماقی و باریمەن.

 

لە ڕۆژئاوای شارۆچکەی باشیکیشەوە، لیوای ٧ی هێزی پێشمەرگە گوندی فازڵیە، عومەرقاپچی و خورساباتیان بە تەواوەتی گەمارۆ داوە؛ بە گرتنەوەی ئەو گوندانە بەشی زۆری ئەو پلانەی هێزی پێشمەرگە بۆ کۆنترۆڵکرندنەوەی ئەو ناوچانە دایانبوو، جێبەجێ کراوە.

 

گوندە ئازادكراوەكانی میحوەری ناوەران:

-  ناوەران

 - قائیم

 - سماقی

 - باریمە

 

 

میحوەری تلسقۆف:

لە میحوەری تلسقۆف ـ تلکێف، كە دەكەوێتە بەنداوی مووسڵ گوندی مارئۆرا گیراوەتەوە. هاوكات پێشمەرگە گوندی کەبرک و کانی‌شیرینیشیان گەمارۆ داوە و، بەرەو گوندی فلفێل دەچنە پێشەوە؛ هەڵبەت لە میحوەری بەنداوەکەی مووسڵدا پێشمەرگە چەند بەربەستێکیان هاتووەتە پێش؛ گوندی فلفێل دەبن، دەکەوێتە سەر شەقامی  سەرەکییەکەی نێوان پارێزگای دهۆک و مووسڵ. فڕۆکە جەنگییەکانیش وا پەیتاپەیتا کانی‌شیرین و کەبرک دەکوتن.

 

 دوای کۆنترۆڵکردنەوەی تەواوەتی گوندی مارئۆرا، کە دەکەوێتە نزیک گوندی باتنا، ئێستا پێشمەرگە گوندی باتنایان گەمارۆ داوە، کە یەکێکە لە گوندە مەسیحینشینەکان، شوێنێکی ستراتیژیکەوە و نزیکی تلکێفە.

 

چەکدارانی داعش لە ترسی بۆردوماندا ئاگرێکی زۆریان لە گوندەکەدا کردووەتەوە، دووکەڵانێکی چڕ ئاسمانی ناوچەکەی داپۆشیوە.

 

 ئێستا شەڕ و پێکدادان لەنێوان هێزەکانی پێشمەرگە و چەکدارانی داعش بەردەوامە، پیشمەرگە ڕێگە سەرەکییەکەی نێوان تلکێف و باتناشین گرتووەتەوە.