Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

كۆمیساری باڵای كاروباری پەنابەران، پەیامی دڵنیایی سەرۆك بارزانی بۆ دانیشتوانی مووسڵ، بەرز نرخاند

هەولێر-KDP.info-  لەدیداریدا لەگەڵ سەرۆكی هەرێمی كوردستان، كۆمیساری باڵای كاروباری پەنابەران لە نەتەوە یەكگرتووەكان پەیامی دڵنیایی لە لایەن سەرۆك بارزانی بۆ دانیشتوانی مووسڵی بەرز نرخاند.

ڕۆژی سێشەممە 18ـی 10ـی 2016 لە سەلاحەدین مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە فیلیپۆ گراندی كۆمیساری باڵای پەنابەران لە ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان و شاندێكی یاوەری كرد.

لە دیدارەكەدا كۆمیساری باڵای كاروباری پەنابەران لە نەتەوە یەكگرتووەكان سوپاسی هەرێمی كوردستانی كرد كە سەرباری بوونی شەڕ و تەحەددیات و گرفتی ئابووری میوانداریی ژمارەیەكی زۆری ئاوارە و پەنابەری كردووە. هەروەها پێزانینی بۆ پەرۆشی و هەوڵەكانی سەرۆك بارزانی هەبوو بۆ پاراستنی گیانی هاووڵاتیانی سڤیل لە شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش و ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنی مووسڵ و ناردنی پەیامی دڵنیایی لە لایەن سەرۆك بارزانی بۆ دانیشتوانی مووسڵ بەرز نرخاند. هەروەها هێمایشی بە نیگەرانییەكانی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكاندا لەمەڕ قۆناغی دوای داعش و بارودۆخی سیاسیی شاری مووسڵ لەدوای ئازادكردنی شارەكە.
لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی باسی لە بارودۆخی مەیدانیی بەرەكانی شەڕ و پلانی ئازادكردنی مووسڵ كرد و ئاماژەی بە هەماهەنگی و ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی پێشمەرگە و سوپای عێراق دا لە شەڕی دژی دوژمنێكی هاوبەش كە ئەوە خۆی لە خۆیدا بابەتێكی مێژووییە و یەكەمجارە ڕوو دەدات و ئەوەی بە دەرفەتێك زانی بۆ پێداچوونەوە و بنیاتنانی ئاییندە.

پەیوەست بە بابەتی ئاوارەكان سەرۆك بارزانی جەختی لەوە كردەوە كە لە یارمەتیدانی ئاوارەكان و چارەكردنی كێشەكانیان پێویستە هەموو لایەك هاوكاری یەكتر بن.