Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

مووسڵ و دەبەریه‌كڕاچوونی بەرژەوەندییەكان

دڵشاد مستەفا وەسانی

ئەجێندای چەندان بەرژەوەندی هەن، دەیانەوێت قسەیان لەبارەی ئازادكردنی مووسڵەوە هەبێت و بەشدار بن. لەبەرئەوەی لە عێراقدا دەستوور وەلانراوە و دەوڵەت نەبووه‌تە دەوڵەتی هەموو پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینی و مەزهەبییەكان، بواری زیاتر بۆ هاتنەپێشەوەی بەرژەوەندیی هێزە ئیقلیمییەكان رەخساوە، وەك ئێران و توركیا و دەوڵەتانی كەنداو، بەتایبەتیش سعوودیە، لە سەرووی هەموو ئەو هێزە ئیقلیمییانەشەوە، هێزە گەورەكانی جیهان هەن، بەتایبەتیش ئەمەریكا و رووسیا و ئەورووپاییەكان. لە نێوخۆی عێراقیشدا بەرژەوەندییەك بەناوی گەلی عێراقەوە نەماوە، بەڵكو بەرژەوەندیی پێكهاتەكان هەیە، سێ پێكهاتەی سەرەكی(كورد و شیعە و سوننە) كە هەرسێ سەرۆكایەتییەكەی عێراقیان  بەسەردا دابەش كراوە، لەگەڵ پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكانی وەك كلد ئاشوور سریان، كوردی ئێزدی و شەبەك و توركمانی سوننە و شیعە و ئەوانی دی.

كەواتە لەناو عێراقدا چەندان بەرژەوەندی هەن، هەموو ئەو بەرژەوەندییانەش بە بەرژەوەندیی هێزە ئیقلیمی و نێودەوڵەتییەكانەوە گرێدراون، گەورەترین ناكۆكی كە لەگەڵ نزیكبوونەوە لە سەعاتی سفر قووڵتر دەبێتەوە، ناكۆكیی سوننە و شیعەیە، سوننەكان هەموو جووڵەیەكی بەغدا بۆ گرتنەوەی مووسڵ لە بەرژەوندیی شیعەدا دەبینن، بۆیە ترسێكی زۆریان بەتایبەتی لە بەشداریكردنی حەشدی شەعبی هەیە، لەولایشەوە توركیا هێزی لە نزیك مووسڵ هەیە و پێ لەسەر بەشداریكردنی شەڕی گرتنەوەی مووسڵ دادەگرێت، ئەمەش شیعەكانی توڕە كردووە، سەرۆكی عەسائیبی ئەهلی حەق كە پێكهاتەیەكی حەشدی شەعبییە، وەڵامی توركیا و سوننەكانی بەوە دایەوە كە ئەوان دەچن لە مووسڵ تۆڵەی ئیمام حوسێن دەكەنەوە.
ئەمەریكا رایگەیاندووە كە عێراق بڕیار لەسەر هەر هێزێك بۆ بەشداریی شەڕی مووسڵ دەدات، هەروەها ئەوەشی راگەیاندووە كە توركیا لە هاوپەیمانیی شەڕی داعش نییە و پەكەكەش بەشداری ئەو ئۆپەراسیۆنە ناكات. دەبەریه‌كڕاچوونی بەرژەوەندییەكان، جۆرێك لە ئاڵۆزیی دروست كردووە، كورد كە هێزی پێشمەرگەی هەیە و لەسەر زەویدا هێزێكی بەوەجە، ئایا لە نێو ئەو هەموو ئەجێندا و دەبەریه‌كڕاچوونه‌ی بەرژەوەندییەكاندا، لە كوێدا خۆی دەبینێتەوە؟ ئەوەی كورد لە ڕێی هەموو ئەو دیدارانەی سەرۆك بارزانی لەگەڵ شاندی هاوپەیمانان و عێراقی و هێزە ئیقلیمییەكاندا باسی كردووە، قۆناغی دوای داعشە، بۆیە هەموو رێككەوتنەكانی هەرێم و عێراق بە سەرپەرشتیی ئەمەریكاییەكان بۆ قۆناغی دوای نەمانی داعشە لە ناوچەكەدا، لە هەموویشی گرینگتر ئەوەیە لەسەر بنەمای واقیعێكی نوێ مامەڵە بكرێ، ئەگەر بەپێی بەشداریی هێزیش بێت، كورد بەشدارێكی كارایە، كەواتە بەو پێوەرە بێت، نابێت كێكەكەمان بەرنەكەوێت، بەڵام لە عێراقیشدا رێزنەگرتن لە ئیمزا و پەشیمان بوونەوە كولتوورێكە!