Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ئەدهەم بارزانی: دەبێ لێكۆڵینەوەی ورد لەسەر داهاتی سلێمانی بكرێت

سلێمانی-KDP.info- ئەدهەم بارزانی دەڵێ، دەبێ لێكۆڵینەوەی ورد لەسەر داهاتی سلێمانی بكرێ، با خەڵكی ئەم دەڤەرە بزانن داهاتەكەیان دراوە بە چی و لە کوێ و، کێ خەرجی کردووە؟

 

ئەدهەم بارزانی سەرۆكی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان لە سلێمانی و هەڵەبجە بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "وڵامدانەوەی پرسیار دەربارەی داهاتی سلێمانی، بەدواداچوونی وردی دەوێ، چونكە وەك ئەوەی بۆ هەموو لایەك ئاشكرایە دوای دانانی ئەو لیژنەیەی كە بۆ بەدواداچوونی كەیسی داهاتەكانی پارێزگای سلێمانی لەلایەن ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانییەوە پێك هێندرا دەنگۆ بڵاو كراوەتەوە كە ئەم لیژنەیە یاسایی نییە و بۆ ئەم لیژنەیە نییە بەدواداچوون لەسەر كەیسی داهاتەكانی سلێمانی بكات و كۆمەڵێك شتی نوێ وترا! ئەمەش گەورەیی ناشەفافیەتی داهاتەكانی پارێزگای سلێمانی نیشان دەدات، دەرخەری ئەوەیە كە نایانەوێت بە شێوەیەكی شەفاف هەنگاو بنێن بۆ چارەسەری ئەم بابەتە."

 

ئەدهەم بارزانی ڕوونیشی كردەوە: "جۆرێك ناشەفافیەت هەیە لە بابەتی داهاتەكانی سنووری سلێمانیدا، لەوانەشە لە ناوچەكانی تریش ناشەفافیەت هەبێت و زۆربەی بابەتە داراییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئەوەندەی شەفافیەتی پێوە دیار نەبێت، بەڵام لە ناوچەو شارەكانی تر بابەتە داراییەكان گەڕێندراونەتەوە بۆ حكوومەت و هاتوونەتەوە بۆ خەزێنەی دەوڵەت، بەڵام من خۆیشم لە بەرپرسە باڵاكانی حكوومەتی هەرێم گوێبیستی ئەوە بوومە ماوەیەكی زۆرە هیچ شتێك لە داهاتی ئەم دەڤەرە نەگەڕاوەتەوە بۆ حكوومەت، ئەگەر گەڕابیتەوەش شتێكی زۆر كەم بووە و لەوانەیە لە سەداپێنجی تێپەڕ نەكردبێت."

 

سەرۆكی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی پارتی لە سلێمانی و هەڵەبجە ئاماژەیشی دا: "دەبێ لێكۆڵینەوەی ورد لەسەر داهاتی سلێمانی بكرێت، با بۆ خەڵكی ئەم دەڤەرە ڕوون ببێتەوە كە چۆن داهاتەكەیان خەرج كراوە و لە كوێ خەرج كراوە و كێ خەرجی کردووە؟ بەڵام بابەتەكە ئەوەندە معەقەدە پێم وانییە بەو لیژنەیەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی و بە لیژنەی زۆر بەهێز تریش بتواندرێت هەموو بابەتە داراییەكانی سلێمانی بۆ جەماوەر ئاشكرا بكرێت."

 

سەرباز واحید