Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە باڵیۆزی ئیتالیا لە عێراق کرد

هەولێر-KDP.info-  لە دیداریدا لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان، باڵیۆزی ئیتالیا لە عێراق، دەستخۆشی لە سەرۆك بارزانی كرد بۆ سەركردایەتیكردنی شەڕی دژی تیرۆریستان و هەروەها سەردانە سەركەوتووەكەی بۆ بەغدا.

ڕۆژی شەممە 15ـی 10ـی 2016 لە سەلاحەدین مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە ماركۆ كارنێلۆس باڵیۆزی ئیتالیا لە عێراق و شاندێكی یاوەری كرد.

لە دیدارەكەدا باڵیۆزی ئیتالیا لە عێراق سەرۆك بارزانیی لە هەوڵەكانی وڵاتەكەی بۆ یارمەتیدان و مەشق و ڕاهێنانی پێشمەرگە و هەروەها پاراستن و نۆژەنكردنەوەی بەنداوی مووسڵ لە لایەن ڕاوێژكار و ئەندازیارانی ئیتالیا ئاگادار كردەوە. هەروەها سوپاسی هاوكاری و ئاسانكاریی لۆجستیكیی هەرێمی كوردستانی كرد بۆ هێزەكانی ئیتالیا. وێڕای دەڕبڕینی نیگەرانیی وڵاتەكەی لە قۆناغی دوای داعش دەستخۆشی لە سەرۆك بارزانی كرد بۆ سەركردایەتیكردنی شەڕی دژی تیرۆریستان و هەروەها سەردانە سەركەوتووەكەی بۆ بەغدا.

هەر لەم كۆبوونەوەیەدا ئۆپڕاسیۆنی ئازادكردنی مووسڵ و بارودۆخی سیاسی عێراق و ناوچەكە خرایە بەر باس و گفتوگۆ و سەرۆك بارزانی ئەوەی دووپات كردەوە كە لە شەڕی تیرۆریستاندا پێویستە بۆ هەموو لایەك لەناوبردنی تیرۆر تاكە ئەجێندا بێت.