Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

بەڕاست، پارەی نەوت چی لێ دێت؟

عه‌بدولسه‌لام به‌رواری

میدیا و پەرلەمانتار و بەناو بسپۆر و کادیر و سەرکردەکانی حزبەکانی "ئەو بەر"، بەردەوام دەپرسن: پارەی نەوت چی لێ دێت و کێ گلی ئەداتەوە؟ و بۆچی مووچەی فەرمانبەران لە کاتی خۆیدا نادرێت، سەرەڕای ئەم هەموو پارە زۆرەی داهاتی نەوت؟.

ئەم پرسیارانە رەوان و مافی هەر تاکێکی هەرێمە ئاراستەیان بکات و ئەرکی حکوومەتە وەڵامیان بداتەوە، ئەمە ئەگەر مەبەست لە پرسیارەکان تەنها بەدەستهینانەوەی وەڵامەکان بێت، بەڵام بەداخەوە ئەمە مەبەست نییە بەڵکو مەبەستی سەرەکی هاندانی خەڵکە دژی پارتی و حکوومەتی هەرێم، چونکە زیاتر لە جارێک و لە چەندان بۆنەدا وەڵامی ئەم پرسیارانە دراوەته‌وه‌ و داتاکان بڵاو کراونەتەوە بێئەوەی کاریگەریی هەبێت.

ئەگەر ئامارەکانی مانگی رابوردوو بە نموونە وەربگرین، داهاتی فرۆشتنی نەوت نزیکەی (612) ملیۆن دۆلارە و، داهاتی ناوخۆیش نزیکەی (100) ملیۆن دۆلارە، واتە تێکڕای داهات نزیکەی (712) ملیۆن دۆلارە.

هەرێم مانگانە پێویستی بە (720) ملیۆن دۆلارە بۆ هەموو ئەوانەی راستەوخۆ مووچەی مانگانە لە حکوومەتی هەرێم وەردەگرن، بە حیسابی ئەو بەڕێزانە بێت، داهات زۆر لە پارەی پێویست بۆ مووچە نزیکە، بەڵام ئەمە راست نییە چونکە:
لە پارەی نەوت پارەی کاری کۆمپانیاکان (76 ملیۆن دۆلار)، پترۆدۆلاری کەرکووک (20 ملیۆن دۆلار)، و قەرزی پیشوو (189 ملیۆن) دەدرێت، هەمووی دەکاتە (285) ملیۆن. واتە لە پارەی نەوت تەنها (327) ملیۆن دۆلار دەمینێته‌وه‌.

لە پارەی ناوخۆیش تێچووی شەڕی داعش (30 ملیۆن) و خەرجییه‌كانی فەرمانگاکانی وەزارەتەکان (20 ملیۆن) دەدرێت، واتە تەنها (50) ملیۆن لە داهاتی ناوخۆ دەمێنێت.
واتە تێکرای داهاتی راستەقینەی حکوومەت (377) ملیۆن دۆلارە نەک (720) ملیۆن دۆلار.

ئەگەر مووچە وەک خۆی بدرێت (کە 720 ملیۆن دۆلارە)، ئەوا هەرێم مانگانە بڕی (343) ملیۆن دۆلار کورتهێنانی هەیە. پاش پێڕۆکردنی سیستەمی پاشەکەوت، هەرێم پێویستی بە (450) ملیۆن دۆلارە بۆ مووچە، کە ئەمەش بە حکوومەتی هەریم دابین ناکرێت، چونکە لە بیرمان بێت کە داهاتی راستەقینەکەی (377) ملیۆن دۆلارە.

لە کۆتاییدا: هەرێم پێویستی بە (450) ملیۆن دۆلارە بۆ دانی مووچە، بەڵام داهاتەکەی کەمترە لەو بڕەپارەیە، بۆیە ناتوانێت مووچە لە کاتی خۆی و بە رێکوپێکی خەرج بکات، سەرەڕای سیستەمی پاشەکەوتیش.

دەزانم ئەم هەموو ژمارە بە هەموو کەس (هەزم) ناکرێت، بەڵام پێموایە پاش زانینیان باش دەزانین (ئەم پارە زەبەلاحەی نەوت بۆ كوێ دەچێت).

خوزگە حکوومەتی هەرێم ئەم زەحمەتەی کێشابا و مانگانە و هەفتانە و رۆژانە ئەم راستیانەی بۆ خەڵک دیاریکردبا، نەک کەسێکی وەک من ناچار بیت ئەم کارە بکات، من دڵنیام ئەگەر حکوومەت ئەمە بە ئەرکی خۆی بزانێت و ئەنجامی بدات، خەڵکی کۆڵنەدەر و نیشتیمانپەروەری ئێمەش تێیدەگەن و خۆیان وەڵامی ئەو چەواشەکارانە دەدەنه‌وه‌، نەک  لەبەر نەبوونی زانیاری و داتای پێویست قسەکانیان دووبارە بکەنه‌وه‌.

تێبینی: ژمارەکان کورتکراوەن بۆ ئاسانکردنی خستنەڕوویان.