Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

لیژنەکەی پەرلەمانی عێراق پێوەست بە مووچەی هەرێم هیچ بەهایەکی نییە

بەغدا -KDP.info-  ئەندامێکی لیژنەی ئابوری‌ و وەبەرھێنان لە پەرلەمانی عێراق دەڵێ، ئەو لیژنەی بۆ سەردانی ھەرێمی کوردستان لەبارەی نەبوونی مووچە دروست کراوە، ھیچ بەھایەکی نییە، چونکە حکوومەتی عێراق مووچەی بڕیوە و داھاتی ھەرێمیش کەمە، بۆیە پێویست بە لیژنە ناکات، بەڵام ''گۆڕان دەیەوێت بەغدامان لێ بکاتە باوان و لێمانی بکاتە کوێخا.''

(نەجیبە نەجیب) ئەندامی لیژنەی ئابووری‌ و وەبەرھێنان لە پەرلەمانی عێراق بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراقدا باس لە مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان کرا؛ قسەی ناڕەوای زۆریان کرد؛ لەوانە دروستکردنی لیژنەیەک بۆ ئەوەی سەردانی ھەرێم بکات و لێ بکۆڵێتەوە! ھەرێم، بۆ خۆی پەرلەمان و حکوومەتی ھەیە و پێویستی بەو لیژنەیە نییە."

(نەجیبە نەجیب) گوتیشی، پەرلەمانی عێراق یاسای دەرکردووە کە پێویستە حکوومەتی عێراق مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم بدات، کەچی جێبەجێی ناکەن؛ جا وەرە بە خۆیان مووچەکەیان لە کوردستان بڕیوە و بە خوەیشیان لێی دێنە دەنگ! سەیرە چۆن ئێستا باس لە نەبوونی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان دەکەن!"

(نەجیب) ڕوونیشی کردەوە: "من خۆم لە کاتی گفتوگۆکردن لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆدا باسم لەوەکرد گەر پەرلەمان بتوانێ کێشەی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم چارەسەر بکات ئەمە دەبێتە مێژوویی، بەڵام بڕوا ناکەم؛ لەبەر ئەوەی لە مانگی 3وە داوام کردووە سەرۆکوەزیران بێتە پەرلەمان بۆ ئەوەی پرسیاری لێ بکرێت کوا پشکی ھەرێم لە سەنەدی خەزێنە و قەرزی نێودەوڵەتی؟ بەڵام ئامادە نییە بێت و داواکارییەکەمان جێبەجێ بکا."

ئەوەشی خستە ڕوو، ئەو لیژنەیە ھیچ بەھایەکی نییە؛ لیژنە ئەگەر لیژنە بێ دەشێ بەر لە هەموو شتێک باسی بڕینی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم بکات کە چۆن حکوومەتی عێراق گلی داوەتەوە و نایدات؛ ''جا بڕوا ناکەم ئەو لیژنەیە هیچی پێ بکرێت؛ دیارە داھاتی ھەرێمی کوردستان زۆر ڕوون و ئاشکرایە و، نەبوونی مووچەکەیش لەبەر کەم‌داهاتییە و هیچی تر.''
گوتیشی، ''گۆڕان دەیەوێت بەغدا بکاتە مەرجەع و، بەسەر ھەرێمی کوردستاندا بیکاتە کوێخا؛ گەرنا بەغدا بە خۆی مووچەکەی بڕیوە.''

بڵند ئیبراھیم