Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

كەڤاڵ: سەرۆک بارزانی تاکە ڕێبەرە ئاشتەواییەکەی تورکیای پێ بخرێتەوە گەڕ

هەولێر-KDP.info-  د. مووسا كەڤاڵ دەڵێ، بارزانی تاكە ڕێبەرە كە بتوانێ پرۆسەی ئاشتی لە باكوری كوردستان وەگەڕ بخاتەوە و گفتوگۆ لەگەڵ هەردوو لادا بكات و ببێتە ڕێبەری چارەسەری كێشەكە؛ جگە لە بارزانی كەسی تر ئەم كارەی پێ ناکرێ؛ بۆیە شاندەكەی (هەدەپە) لە هەولێردا ئەم داوایەیان لە بارزانی كرد.

 د. مووسا كەڤاڵ شرۆڤەكاری سیاسی تایبەت بە كاروباری توركیا بە ماڵپەڕی‌ فەرمیی پارتیی‌ دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "گەلی كورد لە هەرچوار پارچەی كوردستاندا سەرۆك (مەسعوود بارزانی) وەكو ڕێبەر  دەبینێت و تاكە كەسێكە دەتوانێت ڕۆڵێكی گەورە لەهەموو كوردستان بگێرێت، لە ناوچەکە و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهانیش بە گشتیی كەسایەتی (سەرۆك بارزانی) پێگەیەكی گەورەی هەیە. بۆیە گەلی كورد بە گشتی و شاندەكەی هەدەپەش كە سەردانی هەولێریان كرد داوایان لە بارزانی كرد پرۆسەی ئاشتی لە باكوور وەگەڕ بخاتەوە، بارزانی تاكە كەسە بتتوانێت پرۆسەی ئاشتی لە باكوری كوردستان كارا بكاتەوە."

ئەو شرۆڤەكارە سیاسییە ڕوونیشی كردەوە: "بارزانی پێوەندییەكی باشی دیپلۆماتیکی لەگەڵ توركیادا هەیە، بۆیە زۆر گرینگە ئەو كارە پیرۆزە بکا و هەردوو لا لێک نزیك بكاتەوە و بتوانێت ئەم خووێنرشتنەی لە باكووری كوردستان هەیە بیوەستێنێت، ئاخر كیشەی كورد لە باكووردا بەو شێوەیەی ئیستا تێیدایە چارە نابێت. نە دەوڵەتی توركیا دەتوانێ بەر بە ئازادی و مافی گەلی كورد بگرێ و نە پەكەكەش دەتوانێ بەشەڕ چارەی كێشەی كورد بكات. بۆیە ئەم شاندەی (هەدەپ)ـە ئەم داوایەیان لە بارزانی كردووە."

كەڤاڵ جەختیشی كردەوە: "بارزانی تاكە ڕێبەرە كە بتوانێ پرۆسەی ئاشتی وەگەربخاتەوەو گفتوگۆ لەگەڵ هەردوو لادابكات و ڕێبەری چارەسەری كێشەكە بێت، جگە لە بارزانی كەسیتر توانای ئەم كارەی نییە. بەڵام ئەم كارەش زەحمەتی زۆری تێدایە و دەبێ بارزانی بە سیاسەت و حەكیمایەتییەکەی خۆی وابكات هەردوو لا ڕازی بن و كوشتار كۆتایی پێبیت.  چونكە پەكەكە و دەوڵەتی توركیا بیرو بۆچون و هەڵوێستیان زۆر لەیەك دوورەو ماندووبوونێكی زۆر كەوتۆتە ئەستۆی بارزانی." 

گوتیشی: "پیویستە بە سەرپەرشتی (سەرۆك بارزانی) پرۆتۆكۆڵێك بۆ كێشەی كورد لە باكوور دابرێژرێت و لەنێوان پەكەكەو توركیادا واژۆ بكرێت، ئەو دەم پەكەكەش پێویستی بە چەك نابێ و بە دیموكراسیانە هەوڵی چارەسەری كێشەكان دەدات، لە بەرانبەردا دەبێ توركیاش بە سیاسەتی خۆیدا بچیتەوەو ددان بە مافەكانی نەتەوەی كورد لە توركیا بنێ."

سەرباز واحد