Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

بەهۆی لێسەندنەوەی متمانە لە زێباری، گفتوگۆ ئابوورییەکانی عێراق لەگەڵ جیهاندا وەستا

بەغدا-KDP.info-ئەندامێكی لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێ، دوای دوورخستنەوەی (هۆشیار زێباری) گفتوگۆ نێودەوڵەتییە ئابوورییەكانی عێراق لەگەڵ بانكی نێودەوڵەتی و سندووقی دراوی جیهانی وەستاوە؛ چونكە لەم كۆبوونەوانە دەبێ وەزیری دارایی ئامادە بێت، چاوەڕوانیش دەكرێت ئەم قەرزە نێودەوڵەتیانەی بڕیار بوو بە عێراق بدرێت بوەستێت.

 

حاكم (سەرحان ئەحمەد سلێڤانەیی) بە ماڵپەڕی‌ فەرمیی پارتیی‌ دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "وەرگرتنەوەی متمانە لە (هۆشیار زێباری) كاریگەرییەكی نەرێنی زۆری كردووەتە سەر ئابووریی عێراق، چونكە پەیوەندییەكانی نێوان عێراق و بانكی نێودەوڵەتی و سندووقی دراوی جیهانی زۆر بەرەو كزی چووە. 

ئەو دەڵێ، "خۆ پێشووتر سەرۆكوەزیرانی عێراق لە نیویۆركەوە پەیامێكی بۆ سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەران ڕەوانە كردبوو بۆئەوەی بابەتی سەندنەوەی متمانە لە (زێباری) دوا بخرێت، چونكە ئەو پێی وابوو ئێستا لە گفتوگۆدان و كەسایەتیی (زێباری) زۆرگرینگ و كاریگەرە بۆ كۆبوونەوە نێودەوڵەتییەكان."

(سلێڤانەیی) ئاشكرایشی كرد: "ئێستا گفتوگۆ نێودەوڵەتییە ئابوورییەكانی عێراق لەگەڵ بانكی نێودەوڵەتی و سندووقی دراوی جیهانی وەستاوە، چونكە لەم  كۆبوونەوانە دەبێ وەزیری دارایی ئامادە بێت. چاوەڕوانیش دەكرێت ئەم قەرزە نێودەوڵەتیانەی بڕیار بوو بە عێراق بدرێت بوەستێت، چونكە كەسایەتیی (زێباری) كاریگەرییەكی ڕاستەوخۆی لەم بابەتە هەبوو. تا وەزیری نوێ دەستبەكار دەبێت و دەكەوێتەوە نێو پەوەندییەكان كاتێكی زۆر دەبات."

ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نوێنەران ڕوونیشی كردەوە: "لۆبییەكی زۆر كەوتووەتە نێو ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و دژ بە كورد و (عەبادی) و پارتی دیموكراتی كوردستان كار دەكەن. هەر ئەم لۆبیەش وایكرد كە پەلەیەكی زۆر لە بابەتی (زێباری) بكرێت و لەژێر گوشاری ئەم تاقمە متمانەی لێ سەندرایەوە."

سەرباز واحد