Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

عەونی: تۆمەتاكانى سه‌ر زێباری لە داهاتوودا ڕوون دەبنەوە.. كێ بەقەد مالیكی گەندەڵە

هەولێر-KDP.info- ئەندامێكی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی پارتی دەڵێ، لادانی (هۆشیار زێباری) كردارێكی قیزەونی سیاسی بوو، ئەو تۆمەتانەیشی باس دەكرێن لە داهاتوودا ڕوون دەبنەوە و دەردەكەوێ كە چۆن سەدی سەد دژایەتییەكی سیاسی بووە بەرانبەر بە پێگەی كورد.

(عەلی عەونی) بە ماڵپەڕی‌ فەرمیی پارتی‌ دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "حكوومەتی عێراق لە كردارێكی بەرنامەبۆداڕێژراودا ماوەیەك لەمەوبەر جێگری سەرۆكوەزیرانی عێراق و چەندین پۆستی گەورەی تری لە كورد وەرگرتەوە بە ناوی چاكسازییەوە، لەلایەكی تریشەوە هەمان شت بەرانبەر بە سوننەكان كراوە. وردە وردە هەوڵ دەدرێت عێراق بەرەو دەسەڵاتێكی شیعی ببرێت و دەست بەسەر جومگەكانی دەسەڵاتی عێراقدا بگیردرێت".

(عەونی) جەختیشی كردەوە: "لادانی (هۆشیار زێباری) كە وەزیری دارایی عێراق بوو، كردارێكی قیزەونی سیاسی بوو، ئەو تۆمەتانەیشی باس دەكرێن لە داهاتوودا ڕوون دەبنەوە و دەردەكەوێ كە چۆن سەدی سەد دژایەتییەكی سیاسی بووە بەرانبەر بە پێگەی كورد و چۆن برادەرانی كورد لە بەغدا بوونەتە پێخۆری (مالیكی) و دەنگیان لە بەرژەوەندیی سیاسەتی ئەوان داوە".

ئەو ئەندامەی سەركردایەتیی پارتی ڕوونیشی كردەوە: "ئەگەر بابەت گەندەڵی بێت، كێ بەقەد (مالیكی) گەندەڵە؟، كێ بەقەد سیستەمی عێراق گەندەڵە؟ خۆ ئێستایش دەیان بەرپرسمان هەن لە دەسەڵاتدا نەماون و خاوەنی فەوجێك پاسەوانن لەسەر پشكی حكوومەت".

سەرباز واحید