Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

هەورامی: كار بۆ ئەوە دەكەین ببینە دەوڵەتێك ناوچەكە لە پشێوی دوور بخەینەوە

عوممان-KDP.info- (هێمن هەورامی) لە دانیشتنێكی پەیمانگای رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ڕایگەیاند: "ئێمە تا كۆتایی بنبڕكردنی داعش دەجەنگین، داعش هەڕەشەیەكی جیهانییە، بۆیە پێویستی بە هاوكاریی جیهانیش هەیە".

پەیمانگای رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە چوارچێوەی كارە توێژەری و سیاسییەكانیدا، ساڵانە چەندین دانیشتن بۆ گفتوگۆكردن لەسەر ئەو پرسانەی كە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان پێدا تێپەڕ دەبێت، ساز دەكات. دوێنێیش (هێمن هەورامی) دیدگای كوردی بۆ ئەو پرسانەی مژاری دانیشتنەكەی پەیمانگای رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی پێك هێنابوو، لە چەند تەوەرێكدا خستە ڕوو.

لە رۆژی 23/9/2016 لە مەستەقی پایتەختی عوممان، بە بەشداریی ژمارەیەك بەرپرسی سیاسی و ئەكادیمی لە وڵاتانی (عوممان ـ ئیماڕات ـ توركیا ـ ئێران ـ چین ـ ڕووسیا ـ ئۆپۆزسیۆنی سووریا ـ میسر ـ ئەمەریكا ـ عێراق)، (هێمن هەورامی) ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتی و بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان كە بە فەرمی لە لایەن پەیمانگای رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە بانگهێشت كرابوو، نوێنەرایەتیی كوردی دەكرد لە دانیشتن و گفتوگۆكاندا.

ئەو بابەت و پرسانەی كە لە دانیشتنەكانی پەیمانگای رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا گفتوگۆیان لەسەر دەكرێت، بریتین لە پرسی سووریا و شەڕی داعش و هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی ئەمەریكا و كاریگەری لەسەر رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئێستا و ئاییندەی عێراق و ئۆپەڕاسیۆنی مووسڵ و دۆخی ناوچەكە بە گشتی. بەرپرسە سیاسی و ئەكادیمییەكانی وڵاتانی بەشداربوو، لە دیدگای خۆیانەوە كۆی پرسەكانیان هەڵسەنگاند و رۆڵی كوردیش لە گشت چارەسەرییەكاندا بە گرینگ زانرا، (هێمن هەورامی) دیدگای كوردی بۆ ئەو پرسانەی مژاری دانیشتنەكەی پەیمانگای رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی پێك هێنابوو، لە چەند تەوەرێكدا خستە ڕوو.

(هەورامی) دیدگای كوردی بۆ بەشداربووانی دانیشتنی گفتوگۆكردنی گۆڕانكارییەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە دیدگاى كوردییانەوە گەیاندە ئامادەبووان و، سەبارەت بە رەوشی سووریایش گوتی، كورد لەگەڵ هێوركردنەوەی رەوشەكەیە و دەبێت ئۆپۆزسیۆنی سووریا بەرنامەیەكی گشتگیریان هەبێت هەتاوەكو بتوانن هەموو لایەنەكان رووبەڕووی (ئەسەد) ببنەوە و هەرێمی كوردستانیش پاڵپشتی هەر پڕۆژەیەك دەبێت كە مافی كوردی تێدا بەرجەستە بكرێت و سیستەمێكی دیموكراسیانە بێت.

 (هەورامی) سەبارەت بە شەڕی داعش و پەیوەندیی نێوان هەولێر و بەغدا، بەم شێوەیە دوا: "ئێمە تا كۆتایی بنبڕكردنی داعش دەجەنگین، داعش هەڕەشەیەكی جیهانییە، بۆیە پێویستی بە هاوكاری جیهانیش هەیە. دەبێت پێشمەرگە زیاتر پڕچەك بكرێت و هاوكاریی زیاتری بەدەست بگات، بۆ ئەوەی داعش لەناو ببرێت".

سەبارەت بە هەولێر و بەغدایش، (هێمن هەورامی) بە ئامادەبووانی دانیشتنەكەی گوت: "ئەوە حكوومەتی عێراقە شەراكەتی لەناو بردووە، عێراقی نوێش لەسەر بنەمای شەراكەت دروست بووە، بۆیە عێراقی یەكگرتوو عێراقێكی شكستخوادوو دەبێت، ئێمە كار بۆ ئەوە دەكەین لە ناوچەكەدا ببینە دەوڵەتێك كە بتوانین ناوچەكە لە پشێوی و عێراقیش لە كێشەی نێوخۆ دوور بخەینەوە".

سەنگەر هەورامی