Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سلێڤانەیی: گۆڕان لەجیاتی گەڕاندنەوەی مووچەی فەرمانبەران، بە پەرلەمان دەڵێن هەرێم مووچە نادات

بەغدا-KDP.info- ئەندامێكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە لیژنەی دارایی دەڵێت، جێگەی سەرسووڕمانە كە بزووتنەوەی گۆڕان لەجیاتی ئەوەی داوا لە حكوومەتی عێراق بكەن مووچەی فەرمانبەران بدات، لەپەرلەمان باس لەوە دەكەن هەرێم مووچە نادات، كە دیارە دەیانەوێت كێشە و پشێوی دروست بكەن.

(حاكم سەرحان سلێڤانەیی)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "لیستی گۆڕان داوای كردووە كە پرسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بخەنە بەرنامەی كاری پەرلەمانەوە، ئەمەیش بۆ كێشە و پشێوییە لەپەرلەمان، چونكە دەیانەوێت لەو رێگەیەوە ئەوهەڵە گەورەیە پەردەپۆش بكەن كە دەنگیان دا بۆ لادانی وەزیری دارایی لە بەرژەوەندیی عەرەبەكاندا".

 (سلێڤانەیی) گوتیشى: "ئەوان باش دەزانن كە حكوومەتی عێراق مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی بڕیوە، كەچی لەجیاتی ئەوەی داوا بكەن حكوومەتی عێراق پێداچوونەوە بەو كارە نایاساییەدا بكات، داوا لە پەرلەمان دەكەن باسی مووچەی هەرێم بكات، لە كاتێكدا هەرێم ئەوەی لە توانایدا بێت كار بۆ دابینكردنی مووچە دەكات.

ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەشڵێ، سەیرە گۆڕان لەجیاتی ئەوەی داوا لە حكوومەتی عێراق بكەن مووچەی فەرمانبەران بدات، پەرلەمان ئاگادار دەكەنەوە كە هەرێم مووچە نادات، لە كاتێكدا پەرلەمان هیچ پەیوەندی بە هەرێمەوە نییە و هەر یاسایەك دەربچێت هەرێم بە دڵی نەبێت، دەتوانێ جێبەجێی نەكات، جگە لەوەیش بەزۆر دەیانەوێت بەغدا بەسەر هەرێمدا بسەپێنن كە ئەمەیش هەرگیز ڕوو نادات.

بڵند ئیبراهیم