Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

"بەرهەمهێنانی نەوتى هەرێم خولەك دوای خولەك باشترە.. جیهان فەرشی سوورمان بۆ رادەخات"

هەولێر-KDP.info- پسپۆرێكی بواری كارگێڕی پێی وایە، هەرێمی كوردستان هەنگاوی باشی نا بە هەناردەكردنی بەرهەمی نەوتی كوردستان بۆ بازاڕەكانی جیهان و، هاوكات رەخنە لە هەندێ لایەنی سیاسی نێو هەرێمی كوردستان دەگرێت لە دژایەتیكردنی كەرتی نەوتی هەرێم و دەڵێ: "ئەگەر لایەنە سیاسییەكان توزێك پشوویان درێژ بووایە، بەرهەمهێنانی نەوت دەگەییشتە ئاستێك باش و حكوومەتى تووشی ئەم رەوشە نەدەكرد".

پڕۆفیسۆر دكتۆر (كاوە قەرەداغی) پسپۆری كارگێڕی و كار، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان راگەیاند: "من باوەڕم وایە دەبێت خەڵكی كوردستان دەستخۆشی لە هەردوو بەڕێزان كاك (مەسعوود بارزانی) و (مام جەلال) بكەن بۆ ئەو رۆژەی نەوتی هەرێمی كوردستانیان بۆ جیهان نارد و مەڕاسیمی ناردنی نەوتیان جێبەجێكرد، چونكە كوردستانیان خستە سەر نەخشەی جیهان، ئەمڕۆ جیهان لەبەر ئەوە فەرشی سوور بۆ سەركردەكانمان رادەخات، باشترین هەنگاو بوو نەوتی هەرێمی كوردستان هەناردەی دەرەوە كرا، بەڵام مخابن سەركردەكانی ئێمە بیر لە بەرژەوەندیی تایبەتی خۆیان دەكەنەوە و نێو ماڵی كوردیان تێك داوە، بەرهەمی رۆژانەیشمان كەمە، ئەگەر توزێك سەركردەكانمان پشوودرێژبوو نایە، گەشبینم ئێستا بەرهەمی نەوتی هەرێم هاوشێوەی وڵاتان هەناردەی بازاڕی جیهان دەكرا، ئەگەر پلانێكی رێكوپێك هەبووایە و لایەنەكانی بەشدار لە حكوومەتی هەرێم بە هەستی نەتەوایەتی كاریان بكردایە، ئەمڕۆ حكوومەتی هەرێم نەدەگەییشتە ئەو رەوشە".

(قەرەداغی) گوتیشی: "بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی كوردستان خولەك دوای خولەك باشترە، ئەوە سەرەڕای دژایەتیكردنی سیاسەتی نەوت لە هەرێمی كوردستان، ئەوەتا وڵاتانی دەوروبەر و عێراق و هەتا لەنێو خۆی هەرێمی كوردستانیش دژایەتیی سامانی نەوت دەكرێت، ئەو كۆمپانیا نێودەوڵەتیانەی لە هەرێمی كوردستان كار لەسەر كێڵگە نەوتییەكانی هەرێم دەكەن، قەت رۆژێك لە ڕۆژان پشت لە هەرێمی كوردستان ناكەن".

 

قائید میرۆ