Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سەرۆك بارزانی و فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەكانی ئەمەریكا كۆ بوونه‌وه‌.. هەماهەنگیی نێوان پێشمەرگە و هاوپەیمانان و هێزەكانی عێراقی خرایە بەر باسه‌وه‌

هه‌ولێر-KDP.info-  ڕۆژی هەینی 23ـی 9ـی 2016 لە سەلاحەددین، (مەسعوود بارزانی) سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە جەنەڕاڵ (جوزێف ڤۆتێڵ) فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەكانی ئەمەریكا و شاندێكی یاوەری كرد كە پێكهاتبوو لە (دۆگڵاس سیڵیمەن) باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق و جەنەڕاڵ (تاونسێند) فەرماندەی هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق و (كێن گڕووس) كونسوڵی ئەمەریكا لە هەولێر و ژمارەیەك ڕاوێژكار و بەرپرسی سەربازیی ئەمەریكا.

لە كۆبوونەوەكەدا كە ژمارەیەك لە بەرپرسە سەربازی و ئەمنییە باڵاكانی هەرێم ئامادە بوون، ئامادەکارییەکان بۆ پرۆسەی ئازادكردنی مووسڵ و هەماهەنگیی نێوان پێشمەرگە و هاوپەیمانان و هێزەكانی عێراقی خرایە بەرباس و فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەكانی ئەمەریكا خۆشحاڵیی خۆی بۆ بەرەوپێشچوونەکان لەوبارەیەوە ڕاگەیاند و بە ناوی خۆی و وڵاتەکەیەوە ستایشی ڕۆڵی (سەرۆک بارزانی) و پێشمەرگەی کوردستانی کرد و ڕایگەیاند کە تێڕوانین و ڕای (سەرۆک بارزانی) بۆ ئەوان زۆر بە سوودە و دەیانەوێ سەرنجی بەڕێزیان لەبارەی پرۆسەی ئازادکردنی مووسڵ و شەڕی دژی تیرۆریستان سووریا بزانن.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا بە وردی باسی قۆناغی دوای ئازادکردنی مووسڵ و مەترسی و تەحەدیاتەكانی ئەو قۆناغە و چۆنییەتی ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو کێشانە کرا و  جەخت لەسەر ئەوە کرایەوە کە دەبێ هاوشان لەگەڵ ڕێککەوتن و پلانی سەربازی بۆ ئازادکردنی مووسڵ، ڕێککەوتنی سیاسی هەبێت تا سەقامگیری و ئاساییش لەو ناوچانە بەرقەرار بێت و ژیانی پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكانی پارێزگای نەینەوا پارێزراو بێت و جارێکی دیکە سەر و ماڵیان نەکەوێتەوە بەر هەڕەشە.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باس لە شەڕی دژی تیرۆریستان لە سوریا کرا و (سەرۆک بارزانی) ڕا و سەرنجی خۆی لەبارەی ڕەوشی سوریا خستەڕوو و نیگەرانیی خۆی لە ئاڵۆزبوونی زیاتری دۆخی سووریا و داهاتووی خەڵکی مەدەنیی ئەو وڵاتە بەگشتی و چارەنووسی کوردی ڕۆژئاوا خستەڕوو و ڕایگەیاند کە هاوپەیمانان دەبێ زۆر بە دیقەتەوە مامەڵە لەگەڵ ئەو بابەتانەدا بکەن.

لە کۆتایی کۆبوونەوەکەشدا جەخت لەسەر بەردەوامیی گفتوگۆ و هەماهەنگیی هەردوولا کرایەوە.