Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سه‌رۆك بارزانی: پێویستە دڵنیایی بدرێتە پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكانی مووسڵ و ئاساییشیان پارێزراو بێت

هه‌ولێر-KDP.info-  له‌ كۆبوونه‌وه‌یدا له‌گه‌ڵ سەرۆكی هەرێمی كوردستان، وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا (ئۆرسۆلا فۆندێرلاین)، ئاماژەی بە پێشمەرگە دا وەك نموونەیەك بۆ جیهانیان و هیوایشی خواست، گیانی بنیاتنان و بووژانەوە و پێكەوەژیان لە دوای داعش لە عێراقدا دروست ببێت، ئەو گیانەی كە گەلی كوردستان و پێشمەرگە لە ناوچەكەدا سەرقافڵەی بوونە.

ئه‌مڕۆهەینی 23ـی 9ـی 2016، لە سەلاحەدین، (مەسعوود بارزانی) سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە (ئۆرسۆلا فۆندێرلاین) وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا و شاندێكی یاوەری كرد كە پێكهاتبوو لە (فرانز جوزێف كریمپ) باڵیۆزی ئەڵمانیا لە عێراق و جەنەڕاڵ (ماركوس نیپ) سەرۆكی ئەركانی سوپای ئەڵمانیا و ژمارەیەك ئەفسەر و ڕاوێژكاری وەزارەتی بەرگریی ئەڵمانیا.

لە دیدارەكەدا وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا كە بۆ چوارەمین جارە سەردانی كوردستان دەكات، سوپاسی (سەرۆك بارزانی) كرد بۆ ڕەخساندنی دیدارەكە و ڕێز و پێزانینی خۆی خستەڕوو بۆ گەلی كوردستان و حكوومەتی هەرێم لە پەنادانی ئاوارەكان؛ هه‌روه‌ها ستاییشی پێشمەرگەی كرد كە بە قوربانیدانی خۆی داعشی شكاند و هیوای بۆ جیهانیان گەڕاندەوە و پێشانی دا كە داعش هێزێك نییە كە تێكنەشكێت.

وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا ئاماژەی بە پێشمەرگە دا وەك نموونەیەك بۆ جیهانیان و هیوایشی خواست، گیانی بنیاتنان و بووژانەوە و پێكەوەژیان لە دوای داعش لە عێراقدا دروست ببێت، ئەو گیانەی كە گەلی كوردستان و پێشمەرگە لە ناوچەكەدا سەرقافڵەی بوونە. لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا باسی لە هەوڵەكانی سوپای ئەڵمانیا بۆ یارمەتیدانی پێشمەرگە و مەشق و ڕاهێنانی پێشمەرگە كرد و جەختی لە بەردەوامیی پشتیوانیی وڵاتەكەی بۆ گەلی كوردستان و هێزی پێشمەرگە كردەوە.

لەبەرانبەردا (سەرۆك بارزانی) سوپاسی گەل و حكوومەتی ئەڵمانیای كرد كە هاوكاریی پێشمەرگەیان كردووە و هاوكارییە سەربازییەكانی ئەڵمانیای بە گرینگ وەسف كرد بە جۆرێك كە هاوكێشەی شەڕەكانی لە قازانجی پێشمەرگەدا گۆڕی و سەردانەكانی وەزیری بەرگریی ئەڵمانیاشی بۆ كوردستان بە گرنگ و پڕمانا لە قەڵەم دا.

هەر لەو كۆبوونەوەیەدا باس لە پلانی ئازادكردنی مووسڵ و ڕێككەوتنی نێوان هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراق لەبارەی هەماهەنگییەكانی شەڕی ئازادكردنی مووسڵ كرا و، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا خۆشحاڵیی خۆی نیشان دا بەو ڕێككەوتنە و هیوای خواست ئەنجامی باشی لێ بكەوێتەوە.

لەبەشێكی دیكەی دانیشتنەكەدا باس لە قۆناغی دوای داعش كرا و (سەرۆك بارزانی) ئەوەی دووپات كردەوە، كە ئامانجی هاوبەشی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراقی شكستدانی داعش و ئازادكردنی مووسڵە. هەروەها جەختی لە گرینگیی قۆناغی دوای داعش كرد و ئاماژەی بەوەدا كە پێویستە دڵنیایی بدرێتە پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكان و ئاساییشیان پارێزراو بێت و پەیوەست بە قۆناغی دوای داعش تێبینی و ئامۆژگارییەكانی خۆی بۆ شاندی میوان خستەڕوو.

شایانی باسە لەو كۆبوونەوەیەدا ژمارەیەك لە بەرپرسە سیاسی و سەربازی و ئەمنییە باڵاكانی هەرێمی كوردستان ئامادە بوون.

هەر لەدوای كۆبوونەوەكە (سەرۆك بارزانی) و وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا لە پڕێسكۆنفڕانسێكدا ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكەیان بۆ دەزگەكانی ڕاگەیاندن شیی كردەوە.