Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

نەخشەڕێی ئازادكردنی مووسڵ لە هەولێر دادەڕێژرێت

دڵشاد مستەفا وەسانی

ماوەیەكە جموجۆڵێكی زۆری ئەمەریكاییەكان وەك ئامادەكارییەك بۆ ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنی مووسڵ دەستی پێكردووە، لەگەڵ ئەو جووڵەدا ئەجێنداكانی چاو لە مووسڵیش وەدەنگ هاتن، ئەوەی زیاتر بووە كۆسپ لەبەردەم ئۆپەراسیۆنەكە، ململانێی تایفیی نێوان سوننە و شیعە بوو، میلیشیای حەشدی شەعبی هەر بەوە نەوەستاوە داوای بەشداری لە ئۆپەراسیۆنەكەدا بكات، بەڵكو لە جیاتی حكوومەتی عێراق بڕیار دەدات كە كێ بەشدار بێت، پێشمەرگە لە پێنج لاوە دەوری مووسڵی داوە، كەچی حەشد داوا دەكات نابێ پێشمەرگە بەشدار بێت.
بەدرێژاییی زیاتر لە دوو ساڵی شەڕی داعش، هەولێر وەك سەنتەری پلاندانانی رووبەڕووبوونەوەی ئەو تیرۆریستانە دەركەوتووە، ئەمەش لەبەر دوو هۆیە، یەكەمیان پێشمەرگە رۆڵی هێزی سەر زەویی هاوپەیمانان دەگێڕێ، دووەمیشیان بەغدا نەك زۆر خۆی لە قەرەی ئەو شەڕە نەداوە، بەڵكو رێگرییشی كردووە، ئەگەر گوشاری ئەمەریكاییەكان نەبوابە، بەغدا لێنەدەگەڕا هیچ جۆرە چەكێك بگاتە دەستی پێشمەرگە، بەكورتی بەغدا زیاتر تەماشای شەڕی نێوان پێشمەرگە و داعشی كردووە.
بەوپێیەی پێشمەرگە لە پێنج لاوە دەوری مووسڵی داوە، سوپای عێراقیش لە خەتی گەیارەوە، بۆیە هاوپەیمانیی شەڕی دژی داعش بە سەرپەرشتیی ئەمەریكا، پێشمەرگە وەك رەگەزێكی هەرە سەرەكی و هەولێریش وەك سەنتەرێكی ئۆپەراسیۆنەكە دەبینێ، لە هەموو سەردانی هاوپەیمانان، بەتایبەتیش بەرپرسانی سیاسی و سەربازیی ئەمەریكا بۆ هەولێر، سەرۆكی هەرێمی كوردستان داوای ئەوەی كردووە پلان بۆ قۆناغی دوای شەڕەكە هەبێت، بۆ ئەوەی رەچاوی پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینی و مەزهەبییەكانی مووسڵ و دەوروبەری بكرێت، كەواتە هەولێر لە گرتنەوەی مووسڵ رێگر نەبووە، بەڵكو مەرجی گه‌ره‌نتیی پێكەوەژیانی هەموو پێكهاتەكانی دەوێت.
كۆبوونەوەی رۆژی 19/9/2016 ی نێوان هەرێمی كوردستان و ئەمەریكا و بەغدا بەسەرپەرشتیی سەرۆك بارزانی، چەند ئاماژەیەكی لێ بەدی دەكرێ، یەك: نزیكبوونەوەی ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنی مووسڵ، ئەگەر بۆ ئەمەریكا گرینگ بێت لەم ساڵەدا بكرێت، بەهۆی هەڵبژاردنی ئەو وڵاتەوە، ئەوا بۆ كوردیش زۆر گرینگە شەڕ كۆتایی بێت و چیدی خوێنی لێنەڕژێ و باری ئابووریی كوردستانیش بەهۆی ئەو شەڕەوە زیاتر تێكنەچێت، دوو: رێككەوتنی واشنتۆن و هەولێر و بەغدا لەسەر ئۆپەراسیۆنەكە، دەرفەتی بۆ ئەجێندای ئیقلیمی نەهێشتۆتەوە، بەمەرجێك بەغدا تا سەر پێیەوە پابەند بێت، سێ: بەشدارینەكردنی حەشدی شەعبی، زەمینە بۆ قۆناغی دوای شەڕ خۆش دەكات كە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا وەك ئەنجوومەنێكی هەڵبژێردراو رۆڵی خۆی ببینێ.
پێویستە سوننەش دەرك بە قۆناغەكە بكەن و وەك قۆناغی دوای 2003 بیر نەكەنەوە كە بە هەموو شێوەیەك دژایەتیی كوردیان كرد و داوای هەرە سەرەكییان رۆیشتنی پێشمەرگە بوو لە مووسڵ، ئێستایش تەنیا پێشمەرگە بە پشتیوان بۆ رزگاربوونیان دەزانن. ئەگەرچی وردەكاریی سەربازیی ئۆپەراسیۆنەكە نازانین، بەڵام پێویستە پێشمەرگە نەكرێتە ئامرازی خەڵكی دی، ئەگەر ئەركەكەشی ئەوەبێ بچێتە ناو مووسڵ وریایی پێویستە، نەبادا تەڵەیەكی بۆ دابندرێتەوە، مافیا و گرووپگەلی توندڕۆ خەڵك بكوژن و تاڵان بكەن، دواتریش بیخەنە ئەستۆی پێشمەرگە.