Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

بەرێز سەرۆکی حکوومەتی هەرێم، واز لەمانە بێنە، روو لە خەڵک بکه‌

عه‌بدولسه‌لام بەرواری

حکوومەتی هەریمی کوردستان، پێشنیازی کۆبوونەوەیەکی کرد لەگەڵ حزبەکان تا له‌ بەرانبەر هەموو ئەو چەواشەکاری و ژمارە هەڵەیەی کە پەرلەمانتار و سەرکردەکانی حزبەکانی ناو حکوومەت و پەرلەمان بە بەردەوامی لە میدیاکان بڵاوی دەکەنەوە، راستییەکانیان پیشان بدات.
هەر زوو گۆڕان و کۆمەڵ رایانگەیاند کە ئامادە نین بەشداری بکەن لەو کۆبوونەوەیەدا، حاڵی یەکێتییش ئەوەیە، ئەوەی دەیزانین و بڕیاری پێنادرێت، یەکگرتوویش نایەوێت کەسێک لە خۆی تووڕە بکات و بێدەنگیی هەڵبژارد.
ئەم هەڵوێستە چاوەڕوانکراو بوو، چونکە پاش کۆبوونەوەی سەرۆک لەگەڵیان لە 18/5/2015، هەر چواریان بریاریان دا، بارزانی لە گۆڕەپانی سیاسی دوور بخەنه‌وه‌ و پارتییش گەمارۆ بدەن و دەسەڵاتی لێ وەربگرن، ئەوە بوو لە 23ی حوزەیران و 19ی ئاب و ئاژاوەکانی ناوچەی (سەوز-نیلی)، وەڵامی سەرۆکیان دایەوە.
ئێستایش هەر ئەو هەڵوێستەیان هەیە (هیچ نەبێت گۆڕان و کۆمەڵ و زۆرینەی یەکێتی)، بۆیە پێویست ناکات حکوومەتی هەرێم خۆی سەرقاڵی ئەمانه‌ بکات، بەڵکو پێویستە روو لە خەڵک بکات، چونکە هەر کردارێک یان بە ناوی خەڵکه‌وه‌ دەکرێت یان گوایە داخوازیی خەڵکە.
لە سایەی هەڵمەتی ناشیرینکردنی حکوومەت و وڵات و نیشتیمان، کە بە رێکوپێکی و بەردەوامی لە لایەن میدیا نابەرپرسەکەی حزبەکان و دەزگا سێبەرەکانیانه‌وه‌ بەرێوە دەچێت، خەڵکی ئێمە لە بارێکی ئابووری و دەروونیی باشدا نییە؛ حکوومەت و پارتی گۆرەپانی بۆ ئەو میدیا و ئەو گوتارە چۆڵ کردووە، و سەدان پرسیار لای خەڵکیش دروست بووە دەربارەی مووچە و نەوت و داهات و... هتد.
لەبەر ئەمە باشترە بەرێز سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران راستەوخۆ هەموو ئەو ژمارە و رێژە و راستیانەی دەیویست بیانخاتە بەر دەستی حزبەکان، بۆ خەڵکی باس بکات و وەزیر و بەرپرسە پەیوەندارەکانیش هەر یەکە و بەپێی پیگەی خۆی هەمان کار بکات.
خۆ حزبەکان لەمێژە هەموو ژمارە و داتاكان دەزانن و لە سەرەتای دەستپێکردنی پرۆسەی فرۆشتنی نەوتیشه‌وه‌ بە بەردەوامی داتاکان و گرێبەستەکان و ژمارەکان دەدرانە پەرلەمانتارەکان و حزبەکان، کەچی هەر ئەو کەسانەی ئاگاداری ژمارەکان بوون، خەڵکیان چەواشە دەکرد و دەکەن، بۆیە هیوادارم بەرێز سەرۆکی حکوومەتی هەرێم روو بکاتە خەڵک و وه‌ڵامی دڵەڕاوکێ و گازندەکانیان بداته‌وه‌.
من ئەوندە باوەڕم بە خەڵکی خۆمان هەیە، ئەگەر سەرۆکی حکوومەت هەواڵی دڵخۆشکەریشی بۆ خەڵک نەبێت، خەڵک لێی وەردەگرن و پشتگیریشی دەکەن، چونکە ئەوە هەمان ئه‌و خەڵکەیه‌ کە بە درێژاییی شۆرشی ئەیلوول و گۆڵان و شەڕی داعش و قەیرانی دارایی، بەردەوامە لە پێشکەشکردنی قوربانی، تەنها لەبەر ئەوەی ئومێدی بە پاشه‌ڕۆژ هەیە و باوەڕی بە سەرکردایەتییەکەی خۆی هەیە کە زامنی گەیشتنە بەو پاشه‌ڕۆژه‌.