Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

محەممەد حاجی: ئەمەریكا و وڵاتانی دیكەیش راستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ سەرۆك بارزانیدا دەكەن

 

هەولێر-KDP.info- چاودێرێكی سیاسی دەڵێت، هەرێمی كوردستان لە ناوچەكەدا گرینگییەكی زۆری هەیە و لە زۆرینەی ڕووداوە سیاسییەكاندا وەك هەرێمی كوردستان نەك بەشێك لە عێراق حیسابی بۆ دەكرێت. ڕوونیشی دەكاتەوە كە، ئەمەریكا و وڵاتانی دیكەیش راستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ (سەرۆك بارزانی)دا دەكەن، چونكە لای كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەرێمی كوردستان لە بەغدا گرینگترە.

چاودێری سیاسی (د. محەممەد حاجی)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "هەرێمی كوردستان گرینگییەكی زۆری هەیە لە ناوچەكەدا و لە زۆرینەی ڕووداوەسیاسییەكاندا وەك هەرێمی كوردستان نەك بەشێك لە عێراق حیسابی بۆ دەكرێت، بە تایبەت ئەو كۆبوونەوانەی پێوەستن بە چارەنووسی ناوچەكەوە، چونكە هەرێمی كوردستان قورسایی خۆی هەیە لە ڕووی سیاسی و سەربازییەوە، بۆیە هەر كۆبوونەوەیەك بكرێت سەبارەت بە ناوچەكە و عێراق شاندی هەرێمی كوردستانی تێدا نەبێت كەموكوڕی هەیە و تەواو نابێت، لەبەر ئەوەی بەغدا ناتوانێ بە تەنیا بڕیار لەبارەی چارەنووسی عێراق بدات" .

(حاجی) گوتیشی: "هیچ گۆڕانكاریەك لە عێراق و ناوچەكەدا ئەگەر بكرێت بە بێ هەرێمی كوردستان سەركەوتوو نابێت و سەر ناگرێت، بۆیە گرینگە لە شاندی عێراق بۆ ئەمەریكا نوێنەری هەرێمی كوردستان هەبێت لەبەر ئەوەی ئەمە گرینگیی هەرێمی كوردستان نیشان دەدات لە ڕووی سیاسی و سەربازییەوە".

ئەو چاودێرە سیاسییە دەشڵێت، لە ئێستادا لە ئەرزی واقیع هەرێمی كوردستان بەشێكی جیایە لە عێراق لە ڕووی ئابووری و سەربازی و سیاسییەوە و، تەنیا هەرێم بەناو بەشێكە لە عێراق و ئێستا ئەمەریكا و وڵاتانی جیهانیش ئەم راستییە دەزانن، بۆیەیش راستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ (سەرۆك بارزانی) دەكەن".

ئەوەیشی خستە ڕوو، بۆ هەمووان ڕوون بووەتەوە هەر گۆرانكاریەك لە ناوچەكەدا بكرێت، بە بێ كورد پڕ دەبێت لە كەموكوڕی، چونكە گەر بێتو باسی لایەنی سەربازی بكەین زۆرینەی ئەو ناوچانەی لە دەست داعش رزگار كراون لەسەر دەستی هێزی پێشمەرگە بووە، بۆیە ئێستا پێگەی هەرێمی كوردستان لەلای كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە لە حكوومەتی بەغدا گرینگترە .

 

بڵند ئیبراهیم