Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

عوسمان ئۆجەلان: ڕۆژ بۆ ڕۆژ ڕۆژئاوای كوردستان چۆڵ دەبێت

هەولێر-KDP.info-  سیاسەتمەدار عوسمان ئۆجەلان، ڕایگەیاند، دەبێت پەیەدە ڕێگە بدات پێشمەرگەكانی ڕۆژئاوا بگەڕێنەوە و پارێزگاری لە خەڵكی خۆیان بكەن، چونكە وەك دەبینین ڕۆژ بۆ ڕۆژ ڕۆژئاوای كوردستان چۆڵ دەبێت، ئەوەیش لە بەرژەوەندی دژمنانی كورددایە.

سیاسەتمەدار (عوسمان ئۆجەلان)، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "بە داخەوە لە ڕۆژئاوای كوردستان ڕۆژ بۆ ڕۆژ كێشەكان گەورەتر دەبن، لایەنەكانی ڕۆژئاوا پێویستە هەرچی زووە ڕێككەوتنێك لە نێوان خۆیاندا بكەن و پێكەوە ڕۆژئاوا بەڕێوەببەن، بەتایبەتی لە ڕووی سەربازی، نەك لایەنێك خۆ بە زۆر بەسەر لایەنەكانی دیكە بسەپێنێت و سەرۆك و ئەندام و لایەنگرانی لایەنەكانی دیكە دەستگیر بكات، بۆیە پێویستە پەیەدە واز لەو كارە بهێنێت و بەشداری بە هەموو لایەنەكان بكات، ئێستا ئێران و سووریا و ڕووسیا لە نێوان خۆیاندا ڕێكدەكەون، ئەو ڕێككەوتنەیش دژی كوردە لەو بەشەی كوردستان، بۆیە بانگەوازی پەیەدە دەكەم بەشداری بە هەموو لایەنەكان بكات، بەتایبەتی ئەنەكەسە، هەروەها ڕێگە بدات پێشمەرگەكانی ڕۆژئاوا دەربازی ئەو بەشەی كوردستان ببن و پارێزگاری لە خەڵكی خۆیان بكەن، چونكە وەك دەبینین ڕۆژ بۆ ڕۆژ ڕۆژئاوای كوردستان چۆڵ دەبێت، ئەوەیش لە بەرژەوەندی دژمنانی كورددایە."

دەیشڵێ: پێویستە پەیەدە خۆ لە دژمنانی كورد دوور بخاتەوە و خۆ نزیكی لایەنەكانی كورد بكات و پێگیری بە ڕێككەوتنەكان بكات، لەگەڵ ئەوەیش نابێت هەڵەیەكی دیكە دووبارە بكاتەوە و ئەندام و لایەنگرانی لایەنە كوردییەكان دەستگیر بكات، ئەگەرنا گەلی ڕۆژئاوا دژی دەوەستێتەوە.

ڕابین شێروانی