Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

بازیانی: ئێران سەنگ و قورسایی بارزانی دەزانێت، بۆیە تامەزرۆی بینینیەتی

هەولێر-KDP.info- ڕێكخەری گشتیی بزاڤی چاكسازی و گەشە دەڵێ، دەوڵەتی ئێران لە هاوكێشە سیاسییەكەی ناوچەكە شارەزایە و، دەیشزانێت سەنگ و قورسایی (بارزانی) چەندە، بۆیە تامەزرۆی بینینیەتی بە مەبەستی ئەوەی دڵنیا بێت ئەم ریفراندۆم و بەدەوڵەتبوونە، زیانی بۆ نەبێت.

دەربارەی گرینگیی سەردانەكانی (سەرۆك بارزانی) بۆ توركیا و ئەورووپا، رێكخەری گشتیی بزاڤی چاكسازی و گەشە (د. محەممەد بازیانی)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "سەردانەكەی (بارزانی) لەم ئان و ساتەدا مەغزا و مەدلوول و مانای خۆی هەیە، كە گۆڕانكاری لە هاوكێشە سیاسییەكانی ناوچەكەدا هەیە، بە تایبەتی نزیكبوونەوەی ئێران و توركیا و ڕووسیا، ئەم نزیكبوونەوەیە وا پێدەچێت ستراتیژییەتی نوێ بە دوای خۆیدا بهێنێت، رۆڵی هەرێم تێیدا گەورە دەبێت بە تایبەت پێشمەرگە و (سەرۆك بارزانی) وەك فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكان و كەسایەتیی یەكەم لە كوردستاندا، مامەڵەكردن لەگەڵیدا وەك سەرۆكێكی گەورەی ناوچەكە و دانانی ئاڵای كوردستان لە دانیشتنەكانی لەگەڵ هەریەك لە سەرۆككۆماری توركیا (رەجەب تەیب ئەردۆگان) و سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانی توركیا ئەو راستیە دەگەیێنێت كە كوردستان نزیكە لەوەی مامەڵەی دەوڵەتێكی گرینگی ناوچەكەی لەگەڵدا بكرێت، بە تایبەت رۆڵی گرینگی پێشمەرگە لە شەڕی داعش و كۆنتڕۆڵكردنەوەی شاری مووسڵ."

(بازیانی) گوتیشی: "دەوڵەتی ئێران لە هاوكێشە سیاسییەكەی ناوچەكە دەزانیت و، دەیشزانێت سەنگ و قورسایی (بارزانی) چەندەیە، بۆیە تامەزرۆی بینینیەتی بە مەبەستی ئەوەی دڵنیا بێت ئەم ریفراندۆم و بەدەوڵەتبوونە زیانی بۆ ئەو نەبێت، لە بواری ئابوورییشەوە ئەو بەڵێنانەی كە سەرۆكوەزیرانی توركیا دای بە (بارزانی)، دەبێتە مایەی تێپەڕاندنی هەندێك لە كێشە ئابوورییەكانی هەرێم، بەمەیش نزیك دەبینەوە لە ریفراندۆم و مافی چارەی خۆنووسین و بەدەوڵەتبوون، گەشتەكەیشی بۆ ئەورووپا و میوانداریكردنی، ئەو راستییە دووپات دەكاتەوە كە پێگەی كوردستان و (مەسعوود بارزانی) ڕەهەندی گەورەی هەیە و بێ ئەو زەحمەتە بەرەنگاری مەترسییەكان لەسەر ناوچەكەدا ببنەوە."

 

فایزە كۆیی