Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

عارف تەیفوور: بە كۆنتڕۆڵكردنەوەی گەیارە، شەڕی مووسڵ ئاسانتر بوو

خازر-KDP.info- بەرپرسی‌ میحوەری‌ خازر دەڵێ، بە كۆنتڕۆڵكردنەوەی ناحیەی گەیارە، شەڕی مووسڵ زۆر ئاسانتر بووە و، لە داهاتوویشدا گەیارە دەكرێتە یەكێك لەو قۆڵانەی كە هێزەكان لێیەوە هێرش بكەنە سەر شاری مووسڵ.

(عارف تەیفوور)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "زۆر جێگای رەزامەندیی ئێمەیە كە سوپای عێراق ناوچەكانی ژێر دەستی داعش ئازاد بكات. بە كۆنتڕۆڵكردنەوەی ناحیەی گەیارەیش، شەڕی مووسڵ زۆر ئاسانتر بووە و، لە داهاتوودا گەیارە دەكرێتە یەكێك لەو قۆڵانەی كە هێزەكان لێیەوە هێرش بكەنە سەر شاری مووسڵ."

 (تەیفوور) گوتیشی: "دووركەوتنەوەی تیرۆریستانی داعش لە سەنگەرەكانی هێزی پێشمەرگە و سنووری كوردستان زۆر گرینگە، ئاخر ئەوان ئیتر لەوێیشەوە ناتوانن هێرش بكەنە سەر هێزی پێشمەرگە."

پێوەست بە توانا و هێزی تیرۆریستانی داعش لە میحوەرەكانی هێزی پێشمەرگەدا، (عارف تەیفوور) گوتی: "رۆژ بەڕۆژ داعش بەرەو لاوازی دەچێت و ئێستا ئەو توانایەیان نەماوە هێرش بكەنە سەر سەنگەرەكانی هێزی پێشمەرگە، تەنیا لە دوورەوە بە تۆپ و كاتیۆشا جارجار بۆردوومان دەكەن یان بە شێوەیەكی خۆكوژی چەند چەكدارێك هێرش دەكەن و هەموویان هەر زوو لەناو دەبرێن."

(گەیارە) گەورەترین ناحیەی سنووری پارێزگای نەینەوایە و دەكەوێتە باشووری ئەو شارەوە، دوای هەرەسهێنانی سوپا و هێزە ئەمنییەكانی عێراق لە مانگی حوزەیرانی 2014ـوە كەوتووەتە دەستی داعشان، ئەمڕۆیش لەلایەن سوپای عێراقەوە ئازاد كرا.

 

سەرباز واحید