Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

"سەرۆك خەموخۆری گەل و نەتەوەی كوردە.. پشتگیریی زیاتر بۆ سەربەخۆیی بەدەست دێنێت"

هەولێر-KDP.info- چاودێرێكی سیاسی دەڵێت، (سەرۆك بارزانی) هەوڵی زۆری داوە بۆ بەدەستهێنانی پشتگیریی نێودەوڵەتی بۆ پرسی سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان و، لەم سەردانەیشیدا پشتگیریی زیاتر بەدەست دێنێت.

راوێژكاری سیاسیی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و چاودێری سیاسی (د. محەممەد حاجی)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "سەردانی (سەرۆك بارزانی) بۆ دەرەوە، لە كاتێكی زۆر هەستیار و گرینگدا بوو، بە تایبەت بۆ پێگەی هەرێمی كوردستان لە فەزای سیاسیی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناوچەكەدا، بۆیە (سەرۆك بارزانی) جارێكی تر سەلماندی كە خەموخۆری گەلی كورد و نەتەوەی كوردە، لەبەر ئەوە هەمیشە لە هەوڵ و تەقەلادایە بۆ دروستكردنی پردی پەیوەندیی دیپلۆماسی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و نێودەوڵەتیدا، بۆ ئەوەی كورد بگاتە ئامانجەكانی كە بەردەوام كاری بۆ كردووە".

(د. محەممەد) گوتیشی: "سەردانەكەی (سەرۆك بارزانی) دەستكەوتی زۆر گەورەی هەبوو و دەستگەوتی گەورەتریشی دەبێت، لەبەر ئەوەی یەكەم وێستگەی سەردانەكەی توركیا بوو كە توركیا دەرگای هەرێمی كوردستانە بە ڕووی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی و ئەورووپا و وڵاتێكی گرینگە لە ناوچەكەدا و یاركەرێكی گرینگە لە هاوكێشەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و توندوتۆڵكردنی پەیوەندی لەگەڵ توركیایش، لە بەرژەوەندیی هەرێمی كوردستانە".

ڕوونیشی كردەوە كە، (سەرۆك بارزانی) هەوڵی زۆری داوە بۆ بەدەستهێنانی پشتگیریی نێودەوڵەتی بۆ سەربەخۆیی كوردستان و، ئەم سەردانەیشی لە چوارچێوەی ئەو هەوڵانەیە بۆ ئەوەی پشتگیریی زیاتر بەدەست بێنێت بۆ پرسی سەربەخۆیی كوردستان، پێشم وایە (سەرۆك بارزانی) سەركەوتنی باش لەو هەوڵانەدا بەدەست دێنێت".

 

بڵند ئیبراهیم