Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ئایە ڕووسیا و ئێران و تورکیا دەتوانن هاوپەیمان بن؟

عه‌بدولسه‌لام بەرواری
لەم رۆژانەدا، بەشێک لە میدیای کوردستانی سەرقاڵی گەورەکردن و بایەخدانە بەو جموجۆڵە دیپلوماسیانەی تورکیا و رووسیا و ئێران و، باس لە هاوپەیمانییەکی تازە و کاریگەر و هەڕەشەئامێز بەسەر بەرژەوەندییەکانی کورد بە گشتی و هەرێمی کوردستان بە تایبەتی دەکەن.

وەک نەریتی نەگۆڕی میدیای سێبەری ئاڕاستەکراو لەلایەن دژبەرانی پرۆژەی بەدەوڵەتبوون و سەربەخۆییی کوردستان، خەڵک ئامادە دەکەن بۆ ئەوەی ئۆباڵە خراپەکانی ئەم بەناو هاوپەیمانییە، وەک خاڵیکی تر لە زنجیرەی لەکەدارکردنی پارتی و سەرکردایەتیی پارتی لەبەر چاوی خەڵک نیشان بده‌ن. هەندێکیان خۆشحاڵیی خۆیان ناشارنەوە، بە کۆتاییهێنان بە حوکمڕانیی خۆیی لە باشووری کوردستان، لە ئەگەری ئەم هاوپەیمانییە.

لەوە دەربچێت و ئەگەر بە تێڕوانینێکی لۆژیکانە سەیری ئەم جموجۆڵانە بکەین، بۆمان دەردەکەویت کە خاڵەکانی لێکترازان و دژایەتیی نێوان ڕووسیا و ئێران و تورکیا لە خاڵەکانی گەیشتن بە رێکكەوتن و هاوپەیمانەتی، زۆرتر و کاریگەرترن و ئەمە تەنها بیرکردنی ئارەزوومەندانە و (خابی شوتر)ە کە وا لەم بەشەی کوردەکان دەکات دڵی خۆیان خۆش بکەن، چونکە:

ڕووسیای (پووتین) پێیوایە، دەتوانێت ببێتە یەکێتیی سۆڤیێتی جاران و، بەمەش بە زلهێزی دووەمی جیهان و رکابەریی ئەمریکا و ئەورووپای رۆژئاوا بکات و، بۆ خۆی شوێنپێ و هاوپه‌یمان پەیدا بکات بۆ ململانێ لەگەڵ رۆژئاوا، ئەمەش بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ ئەو راستییەدا ناگونجێت کە تورکیا ئەندامی پەیمانی ناتۆیە و هەموو هەوڵەکانی دەخاتە گەڕ بۆ ئەوەی ببێتە ئەندام لە یەکێتیی ئەورووپا.
تورکیا، (پەکەکە) بە دوژمنی سەرەکیی خۆی دەزانێت و بە هیچ شێوەیەک ئامادە نییە لەم بارەوە سازش بکات، هەروەها لەناوبردنی رژێمی ئەسەدیش لە سووریا بە ئەرکێکی سەرەکیی خۆی دەزانێت، کەچی ڕووسیا و ئێران پەکەکە بە ئەمرازێکی بەهێز دەزانن بۆ هەوڵەکانیان بۆ بەهێزکردن و پاراستنی رژێمی ئەسەد لە سووریادا.

راستە ئێران و ڕووسیا خۆیان لە سەنگەری رووبەرووبونەوەی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و رۆژئاوادا دەبینن، بە پێچەوانەی تورکیای هاوپەیمانی رۆژئاوا، بەڵام لە هەمان کاتدا بابەتی گەیاندنی گازی سروشتی بۆ ئەورووپا، خاڵێکی چارەنووسسازە له‌ نێوان ڕووسیا و ئێراندا، کە تێیدا، تورکیا ڕۆڵێکی کاریگەری دەبێت، لە بەرژەوەندیی ئەم یان ئەو لایەنە.

ئێران هەڵگری ئاڵای دەوڵەتی تۆتالیتاریی مەزهەبیی شیعییە، کەچی ڕووسیا و تورکیا خۆیان وەک دوو دەوڵەتی عیلمانیی دیموکراتی پیشان دەدەن و، تورکیا خواست و ویستی هەڵگرتنی ئالای ئیسلامی سوننیی میانڕەو و عیلمانیی هەیە.

ئەمانە و چەند هۆکاریکی دیکە پێماندەڵێن، کە بنەمای هاوپەیمانی و رێککەوتن له‌ نێوان ئەم هەر سی دەوڵەتەدا لاوازە، ئه‌مه‌ ئەگەر مەحاڵ نەبێت. بۆیە هەر لێکدانەوەیەکی سیاسی بێ رەچاوکردنی ئەم فاکتەرانە، هەڵەیە و بێسوودە و تەنها گەواهیکردنە لە نەخۆشییە کوشندەکەی کورد: ئەگەر هیچم پێ نەکرێت، هیچ نەبێت رێگری و تێکدان و خۆشحاڵی بە شکستی لایەنی دیکەی کوردیم پێ دەکری.