Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەرە و ئەورووپا بەڕێ کەوت

تورکیا-KDP.info-  سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەردانی پەرلەمانی تورکیای کرد و لە لایەن ئیسماعیل قارەمان سەرۆكی پارلەمان پێشوازیی لێ كرا و دواتریش کۆتایی بە سەردانەکەی بۆ تورکیا هێنا و بەرە و ئەورووپا بەڕی کەوت.

ڕۆژی چوارشەممە 24ـی 8ـی 2016 لە چوارچێوەی سەردانەكەی بۆ وڵاتی توركیا مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان سەردانی پارلەمانی توركیای كرد و لە لایەن ئیسماعیل قارەمان سەرۆكی پارلەمان پێشوازیی لێ كرا.

لە دیدارێكدا كە جێگری سەرۆكی پارلەمان و نوێنەرانی فراكسیۆنەكانی هەدەپە و جەهەپە و ئەكەپە لە پارلەمانی توركیا ئامادە بوون، سەرۆكی پارلەمانی توركیا خۆشحاڵیی خۆی بۆ سەردانی سەرۆك بارزانی بۆ توركیا دەریڕی و لە گوتەیەكدا باسی لە ڕووداوی كۆدەتاكەی توركیا و هێرش و بۆمبارانی كۆدەتاچیان بۆ سەر پارلەمان كرد و ئەوەیشی خستەڕوو كە شكستی كۆدەتاچییەكان دەبێتە هۆی فراوانتربوونی دیموكراسی لە وڵاتەكەی. لە بەشێكی دیكەی وتەكەیدا باسی لە پێویستیی بەهێزتربوونی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا كردەوە.
لە بەرانبەردا سەرۆك بارزانی ستاییشی گەلی توركیای كرد كە بە ئیرادەی خۆیان پشتگیریی شەرعیەت و دیموكراسیان كرد و شكستیان بە كۆدەتاكە هێنا. هەر لەم دیدارەدا سەرۆك بارزانی ڕۆشنایی خستەسەر بارودۆخی هەرێمی كوردستان و عێراق و باسیشی لە شەڕی دژی تیرۆریستان و ئامادەكارییەكان بۆ ئازادكردنی شاری موسڵ كرد.
پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا تەوەرێكی دیكەی دیدارەكە بوو.

دوای كۆبوونەوەكە سەرۆك بارزانی لەگەڵ ژمارەیەك پارلەمانتاری توركیا ئاسەواری شەڕ و بۆمبارانی كۆدەتاكەی مانگی ڕابردووی لە پارلەمانی توركیا بەسەر كردەوە.
جێگەی ئاماژەپێكردنە ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە 24ـی 8ـی 2016 سەرۆك بارزانی كۆتایی بە سەردانەكەی بۆ توركیا هێنا و بەرەو ئەورووپا بەڕێ كەوت.