Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

مەحموود محەمەد: لە ئاستی نێودەوڵەتیدا پێشوازییەكی باش لە بژاردە و خواستى نەتەوەى كورد دەكرێ

هەولێر-KDP.info-  مەحموود محەمەد ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند کە، لە ئاستی نێودەوڵەتیدا پێشوازییەكی باش لە بژاردە و خواستى نەتەوەى كورد دەكرێ و، ئەوەی كە دەگوترێت چەندین وڵات دژی خواستە نەتەوەییەكانمانن، لەراستیدا ئەو وڵاتانە دژ نین، بەڵكو رای خۆیان لەسەر رێكخستن و پاش و پێش پێكردنی ئەولەویەتەكانی قۆناغی ئێستادا هەیە، نەك رەتكردنەوەیان.

پێش نیوەرۆی ئەمڕۆ 24/8/2014 ، مەحموود محەمەد ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان پێشوازی لە شاندێكی هاوبەشی هەردوو فراكسیۆنی زەرد و فراكسیۆنی هەولێری توركمانی لە پارلەمانی كوردستان كرد.

لەدانیشتنێكدا تیشكخرایە سەر  گرینگی كاری پەرلەمانی و، ئەرك و پێگەی پارلەمانتار لەناو كۆمەڵگادا و حزبەكەی خۆیدا و تەئكید كرایەوە كە دەبێ پەرلەمانتار بە ئاستی پێگە و ئەركی لە وڵاتدا، پێگەیشتوو و ئەزموندار و لەخۆبورد بێت و پێش ئەوەی نوێنەری حزبەكەی بێت نوێنەری گەل و خواست و داواكارییەكانی میللەتەكەی بێت.

لە تەوەرێكیتری دانیشتنەكەدا باس لە دەستپێشخەری جەنابی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ چارەكردنی كێشەكان و رێكخستنەوەی نێوماڵی كوردستانی كرا؛ هەوڵ و هەنگاوەكانی پارتی لەم چوارچێوەیەدا خرانە روو و بە گەشبینییەوە لە دەرەنجامەكانی روانرا.
هاوكات دوا پێشهات و گۆڕانكارییە ناوخۆیی و ئیقلیمی و نیودەوڵەتییەكان گفتوگۆكران و ئاستی پەیوەندییەكانی پارتی لەگەڵ دەوروبەردا كە سەرجەمیان بۆ خزمەتی دۆز و خواستی گەلی كوردستانن تاوتوو کرا.

( مەحموود محەمەد ) تەئكیدی كردەوە كە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا پێشوازییەكی باش لە بژاردە و خواستى نەتەوەى كورد دەكرێ و ئەوەی كە دەگوترێت چەندین وڵات دژی خواستە نەتەوەییەكانمانن، لەراستیدا ئەو وڵاتانە دژ نین، بەڵكو رای خۆیان لەسەر رێكخستن و پاش و پێش پێكردنی ئەولەویەتەكانی قۆناغی ئێستا هەیە، نەك رەتكردنەوەیان.
هەر لە میانی دانیشتنەكەدا سەردانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ وڵاتی توركیا و دیدار و چاوپێكەوتنەكانی بە گرینگ و بەرهەمدار خوێندنەوەیان بۆكرا و، ئاماژەیش بە پێگەو كاریگەری هەرێمی كوردستان و پێكهاتەكانی لەناوچەكەدا درا.